یەکگرتووی ئیسلامی: لە هەموو کوردستاندا بستێک زەوی و موڵکی دەوڵەت لای ئێمە نییە
مەکتەبی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵێکی کەناڵێکی یەکێتی سەبارەت بە تەرخانکردنی زەوییەک لە شاری هەولێر رەتکردەوە و ڕایگەیاند: رووبەری زەوییەکە تەنیا 5 دۆنمە نەک 40 دۆنم و وەک مافێکی ئاسایی هاوشێوەی سەرجەم حزبەکانی دیکە بۆ دروستکردنی بارەگا تەرخان کراوە.
پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، مەکتەبی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، روونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی ئەو هەواڵە بڵاوکردەوە کە لە لایەن دامەزراوەیەکی میدیایی یەکێتی سەبارەت بە زەوییەکی سەر بەو حزبە لە شاری هەولێر بڵاوکراوەتەوە، تێیدا چەند راستییەکی یاسایی و هونەریی خستە ڕوو.
مەکتەبی راگەیاندنی یەکگرتوو رایگەیاند: رووبەری ئەو زەوییە بە هەر 3 پارچەکەیەوە تەنیا 5 دۆنمە نەک 40 دۆنم وەک لە هەواڵەکەی کەناڵەکەدا هاتووە.
جەختیشی کردەوە، ئەمە مافێکی یاساییە و هاوشێوەی سەرجەم حزبەکانی دیکەی کوردستانە کە زەوییان بۆ تەرخانکراوە بە مەبەستی دروستکردنی بارەگای فەرمی.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەم بابەتە بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە لە کاتی خۆیدا نەتوانراوە زەوییەکە بەکاربهێندرێت، ئەمەش دواتر کێشەیەکی رۆتینیی کارگێڕی بۆ دروست کردبوو.ئێستاش حزبەکە تەنیا خەریکی راستەڕێکردنی پرۆسە کارگێڕی و یاساییەکەیە.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکگرتوو بە توندی هەبوونی هەر جۆرە مەرجێک یان داواکارییەکی سیاسیی لە پشت ئەم بابەتەوە رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەرگیز لەسەر مافە یاساییەکانی خۆمان مەرج و باجی سیاسی قبووڵ ناکەین، لە کاتێکدا هەموو حزبەکان ئەو مافەیان هەبووە."
هاوکات یەکگرتوو بە شانازییەوە ئەوەی دووپات کردەوە، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا تەنانەت بستێک زەوی یان موڵکی سەر بە دەوڵەت لای یەکگرتوو نییە.
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە چوونی چەندین شاند و سەردانی جیاواز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، یەکگرتوو بە بێ بنەما و ناڕاستی پێناسە کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەمە کارێکی ئاسایی یاساییە لە لایەن پارێزەری حزبەکەوە ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە تکا یان منەت لە هیچ لایەنێک نییە.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هەر لە روونکردنەوەکەدا نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی ئەو کەناڵەی یەکێتی پشتی بە زانیاریی هەڵە و پشتڕاستنەکراوە بەستووە بۆ بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەی نەشیاو لەسەر بابەتێکی یاسایی روون و ئاشکرا و داوای لێکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا زیاتر پابەندی پیشەییبوون بن.