تەرمی عەلی خامنەیی لە مەشهەد بە خاک سپێردرا
تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەشهەد بە خاک سپێردرا؛ ئەمەش دوای رێوڕەسمێکی هەفتەیی کە چەندین شاری ئێران و عێراقی گرتەوە و تێیدا موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە بە شێوەیەکی گشتی دەرنەکەوت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 10ی تەممووزی 2026، تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەزارگەی "ئیمام رەزا" لە شاری مەشهەد، کە زێدی خۆیەتی، بە خاک سپێردرا. بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە هەژماری فەرمی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکراوەتەوە، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بە شێوەیەکی تایبەت و تەنیا بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای پرسەیەکی جەماوەری کە چەند رۆژی خایاند و خەڵکێکی زۆر تێیدا بەشداربوون.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، لە کاتی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیدا بە شێوەیەکی گشتی و لەبەردەم کامێراکان دەرنەکەوت.
رۆژی پێنجشەممە، رێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن کە ماوەی یەک هەفتەی خایاند، کۆتاییان هات. ئەم رێوڕەسمانە چەندین وێستگەی جیاوازیان بەخۆوە بینی، لەوانە پێشوازیکردن لە شاندە بیانییەکان لە تاران، کردنەوەی "مزگەوتی ئیمام خومەینی" بۆ هاوخەمان، نوێژی مردوو و رێوڕەسمی سەرەکی لە تاران، لەگەڵ رێوڕەسمی ئایینی لە شاری قوم.
هەروەها لە چوارچێوەی رێوڕەسمەکاندا، تەرمی خامنەیی گواسترایەوە بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا لە عێراق بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی و سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان، بەرلەوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد، دوایین مەنزڵگەی تێدا جێگیر بکرێت.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە و لە ساڵی 1989 بووە بە رێبەری ئێران،لە تەمەنی 86 ساڵی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی 28ی شوباتی 2026 کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.