دووسایدى حاجى ئۆمەران یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیدا، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی بە ستانداردێکی جیهانی و بە گوژمەی 37 ملیار دینار جێبەجێ کرد، کە گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کەرتی بازرگانی و گەشتیاری هەیە.
یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانە، ئەم دووسایدە رێگای سەرەکی نێوان هەولێر و ورمێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پێشتر پانییەکەی تەنیا 8 مەتر بوو، بەڵام ئێستا کراوە بە دووساید بە پانی 25 مەتر و درێژی 2.5 کیلۆمەتر.
ئەم پڕۆژەیە کە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ کراوە، چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە: تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوی خواردنەوە، سیستەمی رووناککەرەوە، هێڵی خزمەتگوزاری، شوێنی وەستانی کاتی و هێماکانی هاتووچۆ.
هەروەها بۆ پاراستنی ژینگە و جوانیی ناوچەکە، زیاتر لە 1000 دار لە هەردوو لای رێگاکە چێندراون و 170 کورسی دانیشتن و 170 سڵی خۆڵ دانراون. جگە لەوەش، دیوارێکی راگر بە درێژی 390 مەتر بۆ پاراستنی رێگاکە دروستکراوە.
پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیای "نۆرس لایت"ەوە جێبەجێ کراوە، کە گەرەنتی 50 ساڵ بۆ مانەوەی رێگاکە دەدات. کارەکانی پڕۆژەکە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد و لە 3ـی تشرینی دووەمی 2025 (پێش وادەی دیاریکراوی خۆی) تەواو کرا.
تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە کارئاسانییەکی زۆر بۆ جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەکردنی زیاتری ئابووری ناوچەکە.