چین هەناردەکردنی گازی هیلیۆمی بۆ جیهان راگرت
چین بڕیارێکی دەستبەجێ و کاتیی بۆ قەدەخەکردنی هەناردەکردنی گازی هیلیۆم دەرکرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەگەری کەمبوونەوەی دابینکردنی ئەو گازە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەهۆی نوێبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەینی 10ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاو کردووەتەوە، چین بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، هەناردەکردنی گازی هیلیۆم بۆ دەرەوەی وڵات رادەگرێت. ئەم هەنگاوەی پەکین لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی گازەکە لە جیهاندا زیادیان کردووە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانەوەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گازی هیلیۆم گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە لە کەرتی تەکنۆلۆژیادا، چونکە بۆ کۆنترۆڵکردنی پلەی گەرمی لە کاتی بەرهەمهێنانی (Chips) بەکاردێت. هەر جۆرە پەککەوتنێک لە دابینکردنی ئەم گازە، دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا و ناوەندەکانی داتا لە سەرتاسەری جیهاندا.
پێشتر لە سەرەتای ئەمساڵدا، ململانێ سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێران ببووە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی هیلیۆم، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی کردبووە سەر کار و پڕۆژەکانی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد. ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بازاڕە جیهانییەکان کەوتوونەتە ژێر فشاری نوێوە.
بڕیارەکەی پەکین وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پاراستنی بڕی پێویستی ئەو ماددە ستراتیژییە لە ناو بازاڕەکانی ناوخۆی چیندا. چین ئێستا بە چڕی کار لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان دەکات تاوەکو پشتبەستنی بە چیپە هاوردەکراوەکان کەم بکاتەوە و بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە کەرتی تەکنۆلۆژیادا.
هەرچەندە چین هەوڵ دەدات ئاستی بەرهەمهێنانی هیلیۆم لە ناوخۆدا زیاد بکات، بەڵام هێشتا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، تا رادەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت. چاودێران پێیان وایە کە بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردن، نیشانەی ئەوەیە کە پەکین دەیەوێت پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە، لە سایەی ئەو ناڕوونییەی کە بەسەر ئاسایشی وزە و گاز لە جیهاندا زاڵ بووە.