بەنداوی گۆمەسپان توانای گلدانەوەی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە
بەنداوی گۆمەسپان، کە بەهۆی جوانیی سروشتەکەیەوە بە "سویسرای کوردستان" دەناسرێت، وەک یەکێک لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەم پڕۆژەیە کە بە بودجەی 90 ملیار دینار و بە دەستی کاری ناوخۆیی جێبەجێ کراوە، نەک تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ئاوی، بەڵکو وەک جەمسەرێکی گرنگی کشتوکاڵی، گەشتیاری و ژینگەیی تەماشا دەکرێت.
بەنداوی گۆمەسپان کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان تەواو کراوە. ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن کۆمپانیا و کرێکاری ناوخۆییەوە بنیات نراوە، بودجەی 90 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و گوزارشت لە بایەخی حکوومەت بە ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەکات.
بەرزیی دیواری بەنداوەکە 72 مەترە و درێژییەکەی دەگاتە 512 مەتر. ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئێستا نزیکەی 27 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گڵدراوەتەوە، کە دەکاتە 30%ی کۆی گشتیی تواناکەی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا پڕۆژەکە لە سەرەتای قۆناخی بەرهەمداریی خۆیدایە.
سودەکانی بەنداوی گۆمەسپان تەنیا لە گلدانەوەی ئاودا کورت نابنەوە، بەڵکو بوارە گرنگەکانی وەک:
1- بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی: کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی ئاستی ئاوی ناوچەکە دەبێت.
2- پاراستن لە لافاو: وەک بەربەستێکی سروشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو کار دەکات.
3- کشتوکاڵ: سەرچاوەیەکی گرنگی ئاودێرییە بۆ جوتیارانی دەوروبەری.
4- سامانی ماسی: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، یەک ملیۆن و 500 هەزار سەر ماسی و 500 هەزار پەنجەماسی کراوەتە نێو بەنداوەکەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی ماسی.
لە لایەکی دیکەوە، دیمەنە دڵڕفێن و سروشتە دەوڵەمەندەکەی، گۆمەسپانی کردووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی ناوازە کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یەکێک لە ناوچە هەرە گەشتیارییە پڕجووڵەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم پڕۆژەیە سەلمێنەری ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئاو، کلیلی گەشەپێدانی بەردەوامی هەرێم و پاراستنی سامانی نیشتمانییە بۆ نەوەکانی داهاتوو.