زاخۆ.. زیاتر لە 240 کیلۆمەتر رێگا لە ناوەندی شار قیرتاو کراون
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان دەستپێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی گەڕەکی خەرابەبابکێ بە بودجەی نزیکەی 2 ملیار و 750 ملیۆن دینار لە قۆناغی کۆتاییدایە، کە تێیدا چەندین کیلۆمەتر رێگا و شۆستە بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دابین کراوە.
بۆ جاری یەکەم و دوای ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، گەڕەکی خەرابەبابکێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سیمایەکی مۆدێرن بەخۆوە دەگرێت. پڕۆژەکە بە گوژمەی 2 ملیار و 750 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت لە دروستکردن و قیرتاوکردنی 5.5 کیلۆمەتر رێگا و 4 کیلۆمەتر شۆستە (سۆلین)، تا ئێستاش رێژەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر کە ناوەند و دەوروبەری زاخۆی گرتووەتەوە. تەنیا لە ناوەندی شاری زاخۆدا 246 کیلۆمەتر رێگا قیرتاو کراون و 134 کیلۆمەتر شۆستە دروست کراون. هاوکات، پڕۆژەکان گوندەکانیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک 285 کیلۆمەتر رێگای گوندەکان لە سنووری قەزاکانی باتێفا و زاخۆ نۆژەن کراونەتەوە و قیرتاو کراون.
دانیشتووانی ناوچەکە بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازی لەم پەرەسەندنانە دەکەن. هاووڵاتییەک لە گەڕەکی خەرابەبابکێ دەڵێت: "لە ساڵی 2005ەوە لەم گەڕەکەین، هاوینان لە ناو تۆز و خۆڵ و زستانانیش لە ناو قوڕدا دەژیاین، بەڵام سوپاس بۆ خودا و حکوومەت، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و ژیانمان زۆر ئاسانتر بووە."
هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم رێگا نوێیانە باری گرانی سەر شانیانی سووک کردووە، بەتایبەت ئەو رێگایانەی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە ناوەندی شار و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکان دەکەن.
ئەم هەڵمەتە فراوانەی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نیشانەی سووربوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هەموو گەڕەک و ناوچە جیاوازەکان، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی بژێوی و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستاندا.