ئێران: داوای دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشە سەربازییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و سەپاندنەوەی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی بە پێشێلکارییەکی زەق و روونی یاداشتی لێکتێگەیشتن ناوبرد؛ هاوکات هۆشداری دا کە تاران بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی هاوشێوە بۆ هەر جۆرە پێشێلکارییەک.

هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە، ئێران لەسەر بنەمای رێبازی بەرپرسیارانەی خۆی، داواکاریی نێوەندگیرێکی ناوچەیی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکە و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکان رەت نەکردووەتەوە." 

بە پێی راگەیەنراوەکە، شاندێکی قەتەری سەردانی شاری "مەشهەد"ی کردووە و لەوێ لە دیدوبۆچوون و هەڵوێستە فەرمییەکانی ئێران ئاگادار کراونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیدارەی ئەمریکا تۆمەتبار کرد بەوەی کە "پێشێلکردنی بەڵێنەکانی کردووەتە دیاردە". جەختی لەوە کردەوە، واشنتن چەندین جار بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشێل کردووە، کە تەنیا 22 رۆژ بەسەر واژۆکردنیدا تێپەڕئوە.

وەزارتەکە باسی لەوەش کرد، هێرشەکانی ئەمریکا لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا، "پێشێلکارییەکی زەق و فەرمی"ی بەندەکانی یەکەم و دووەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەن.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لادانی سزاکانی سەر کڕین و فرۆشتنی نەوتی ئێران، هاوشان لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کەسایەتی و قەوارە ئێرانییەکاندا، وەک پێشێلکارییەکی روونی بەندەکانی یاداشتنامەکە ناوهێنراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، تاران لە سەرەتاوە بە روونی رایگەیاندووە کە رێبازەکەی لەسەر بنەمای "پابەندبوون بەرامبەر پابەندبوون"ە، و هیچ بەڵێنێک جێبەجێ ناکات تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبێت.

دەشڵێت: "ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندبوونەکانی پێشێل بکات، کە پێشێلیشی کردووە ، ئەوا ئێمە رێکاری پێویست دەگرینەبەر، کە پێشتریش گرتوومانەتەبەر و ئەم رێبازەشمان بەردەوام دەبێت."

ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" نووسیبووی: "تاران داوای لێکردووین بەردەوامی بە 'گفتوگۆکان' بدەین، ئێمە رەزامەندیمان لەسەر ئەوە نیشانداوە".