تاران و مەسقەت جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سەڵتەنەی عومان، پرسی هاتوچۆی ئارام و سەلامەتیی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بە پێی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراو، تاوتوێ کرد.

شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، پرسی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەش تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە کرد، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی مەسقەت کردووەتەوە کە پشتبەستنە بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ رێگری لە هەر جۆرە ئاڵۆزی و گرژییەک لە ناوچەکەدا.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەلبوسەعیدی هیوای خواستووە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە لە رێگەی جێبەجێکردنی تەواوەتی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەوە بەرەو باشتربوون بڕوات.

هەروەها هەردوو وەزیر تیشکیان خستە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی دۆخی گەرووی هورمز، و بیروڕایان گۆڕییەوە لەسەر هاتوچۆی سەلامەت و ئارامی کەشتییەکان بە پێی ماددەی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراو لەگەڵ ئەمریکادا.

واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی 2026ـدا یادداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، بە شێوازی ئۆنلاین واژۆ کرد.

دواتریش لە 21ـی هەمان مانگ لە شارۆچکەی بێرگنشتۆکی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە ژێر چاودێریی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا بناخەیەک بۆ دانوستانی تەکنیکیی داهاتوو لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکە دانرا.