پۆلیسی هەولێر روونکردنەوە لە بارەی گیانلەدەستدانی ئافرەتێک دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەی لە بارەی گیانلەدەستدانی ئافرەتێکی نیشتەجێی هەولێر بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شوقەیەکەوە بڵا وکردەوە و رایگەیاند: هێزەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و هاوسەری ئافرەتەکۆچکردووەکەیان دەستگیر کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە بارەی رووداوی گیانلەدەستدانی ئافرەتێک، کە ئێوارەی رۆژی شەممە، رێکەوتی 11ـی تەممووزی 2026، لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕوونکردنەوەکەی پۆلیس، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانیان، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە پەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە ئافرەتەکە بە ناوی (س. ا. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و بە رەگەز کوردی رۆژئاوای کوردستانە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: بە داخەوە ئافرتەکەبەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە. ئێستا تەرمەکەی بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی هەولێر کراوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزەکانیان دەستبەجێ هاوسەری ئافرەتە کۆچکردووەکەیان دەستگیرکردووە. لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، هاوسەرەکەی دانی بەوەدا ناوە کە پێش روودانی رووداوەکە، دەمەقاڵێ و مشتومڕ لە نێوانیاندا دروستبووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لەژێر چاودێریی دادوەری لێکۆڵینەوەدا بەردەوامییان هەیە بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان.