هیندستان: لە نزیک کەناراوەکانی عومان 10 کارمەندمان رزگارکران
حکوومەتی هیندستان رایگەیاند؛ 11 کارمەندی وڵاتەکەی لەسەر کەشتییەک بوون لە ئاوەکانی نزیک کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی عومان رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئەمرۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە کۆی ئەو 11 هاووڵاتییا هیندییەی کە لەسەر کەشتییەکە بوون، تا ئێستا 10 کەسیان رزگارکراون، بەڵام هاووڵاتییەکی دیکە هێشتا بێسەروشوێنە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای کرد، هێزە دەریاییەکانیان توانیویانە لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز، دووەم کەشتی بازرگانی بە ئامانج بگرن.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: "کەشتییەکی دیکەیان بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و رێسا کارپێکراوەکانی گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج."
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی تا کاتێکی نادیار راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، هێزە دەریاییەکانی ئێران تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لە کەشتییەک کرد، بە وتەی ئەوان بە رێڕەوێکی رێگەپێنەدراودا تێپەڕیبوو.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران راشیانگەیاند: "کەشتییەک کە بە کوژاندنەوەی سیستەمەکانی، ئاسایشی دەریایی خستبووە مەترسییەوە، دوای تەقەی ئاگادارکردنەوە راگیرا و دەستی بەسەردا گیرا." سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، چەند کەشتییەکی دیکە ویستوویانە لە رێڕەوی نایاساییەوە تێپەڕن و هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە.
ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی "دەستوەردانی نایاسایی لایەنە بیانییەکان و دروستبوونی نائارامی، گەرووی هورموز تا کۆتاییهاتنی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە رووی هەموو جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتیوانیدا دادەخرێت."
سوپای پاسداران هۆشداری دایە واشنتن و رایگەیاند: "ئەگەر دوژمن ئەم رووداوە بکاتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەژێر مەترسی هێرشی توند و وەڵامدەرەوەدا دەبن."
لەلایەکی دیکەوە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند؛ تیمێکی کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی عومان، دوای زیانپێگەیشتنی کەشتییەکەیان و کەوتنەوەی ئاگر، ناچار بوون کەشتییەکە جێبهێڵن و ئێستا لەناو بەلەمی فریاگوزاریدان.