دەستەی مافی مرۆڤ: سوپای پاسداران شوانێکی کوردی لە کێلەشین شەهید کردووە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە توندی سەرکۆنەی شەهیدکردنی شوانێکی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کێلەشین لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەکات و داوای دەستبەجێ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی و شەفاف دەکات.

یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، راگەیەنراوێکی لە بارەی شەهیدکردنی شوانێکی کورد لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە ناوچە سنوورییەکان بڵاو کردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی شەهیدکردنی شوانێکی بێتاوانی کوردمان پێگەیشت لە ناوچە سنوورییەکانی کوێستانەکانی کێلەشین، کە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە. دوای شەهیدکردنی، تەرمەکەی و تەنانەت مەڕوماڵاتەکەشی بۆ ناو خاکی ئێران راگوێزراون."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوەیە دەکات و رایدەگەیەنێت: "ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی، پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی خاک و بەزاندنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە. هاوكات، دژایەتییەکی تەواوی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤە، کە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان لە پێشینەی کارەکانیاندا دادەنێن."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەم جۆرە رووداوە دووبارەبووانە، ئەم داواکارییانەی خوارەوە دەخاتەڕوو:

-پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد، شەفاف و نێودەوڵەتی لەم دۆسیەیە بکرێت.

-پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە رووبەڕووی سزای یاسایی توند بکرێنەوە.

-پێویستە کەسوکاری قوربانییەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبوو بکرێنەوە.

دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی، لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکانی ئەم دۆسیەیە دەکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریی لەم شێوەیە.