ئانۆ جەوهەر: پڕۆژەی تەکسیمیتەر دادپەروەری لە دیاریکردنی نرخدا دەستەبەر دەکات
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆژەی رێکخستنەوەی تەکسییەکان رێژەی سەرپێچی و کێشەکانی بۆ کەمتر لە 5% دابەزاندووە و ئامادەکارییەکان بۆ کارپێکردنی سیستمی تەکسیمیتەر لە قۆناخی کۆتاییدان.
یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی گشتگیری سەبارەت بە پێشکەوتن، چاکسازی و دەستکەوتەکانی کەرتی گواستنەوە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا، ئانۆ جەوهەر تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە ستراتیژییەکان و رێکخستنەوەی سیستمەکانی گواستنەوەی گشتی و تایبەت بە شێوازێکی مۆدێرن، بە تایبەت لە کەرتی تەکسی و سیستمی گواستنەوەی زیرەکدا.
بە پێی گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگ و مێژووییەکانی کابینەی نۆیەم، پڕۆژەی رێکخستنەوەی کەرتی تەکسی بووە لە هەرێمی کوردستان. لە رێگەی دابینکردنی کارتی زانیاری، لۆگۆ و شریتی تەکسی، توانراوە زیاتر لە 71,000 ئۆتۆمبێلی تەکسی رێکبخرێنەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی دابەزاندنی رێژەی سەرپێچی و کێشە جۆراوجۆرەکان بۆ کەمتر لە 5%
هاوکات، ئانۆ جەوهەر رایگەیاند: کە پڕۆژەی "بژمێر"ی عەدادی تەکسی یان تەکسیمیتەر ، ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژەیە کەرتی تەکسی لە کوردستان دەگەیەنێتە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان و دادپەروەری لە دیاریکردنی نرخدا بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات.
چاودێریی ئەلیکترۆنیی بارهەڵگرەکان
ئانۆ جەوهەر رایگەیاندووە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەم کابینەیەدا سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی (GPS)، قفڵی ئەلیکترۆنی و سیستمی مەنەفێستی نیشتمانی بۆ زیاتر لە 28,000 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و مامناوەند جێبەجێ کردووە. ئەم پێشکەوتنە هۆکارە بۆ دانانی کوردستان لەسەر نەخشەی ستراتیژیی لۆجیستیی جیهانی و رێگە خۆش دەکات بۆ دامەزراندنی بەندەرێکی نێودەوڵەتیی وشکانی، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت.
ئامارەکانی چاکسازیی کەرتی گواستنەوە لە کابینەی نۆیەمدا
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەم کابینەیەدا بە پێی ئامارە فەرمییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی کارایی لە بوارەکانی خوارەوەدا:
-رێکخستن و بەرێوەبردنی زیاتر لە (23،985) پاس لە هەرێمی کوردستان
-رێکخستن و چاودێری کردنی زیاتر لە (71،144) تەکسی لە هەرێمی کوردستان
-دەرهێنانی مەنەفێستی بارهەلگر لە گشت دەروازە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان
-دەرهێنانی مەنەفێستی گەشتیاری بۆ گشت گەشتیارانی کەدێنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و دەردەچن.
-بەرێوەبردنی سیستەمی ترانزێت لە دەروازە فەرمیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتالی
-سەرپەرشتیکردنی تێرمینالەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بەرەو مۆدێرنکردنی تێرمینالەکان وبونیاتنانەوەی تێرمینالی نوێ
-پێدانی مۆلەتەکانی گواستنەوە کە دوانزە جۆر لەخۆدەگرێت.
-بەرێوەبردن و رێکخستنی گشت بار هەلگرەکان لە دەروازە سنورەیەکان کە ژمارەیان نزیکەی (9000) بارهەڵگر دەبێت.