رووسیا هۆشداری لە بۆردومانکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر دەدات
نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کراونەتە سەر پارێزگای بوشەهری ئێران، وێستگە ئەتۆمییەکەیان نەپێکاوە، ئەگەرنا کارەساتی گەورەی لێ دەکەوتەوە.
میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە تاوان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت." هۆشداریشی دا، لێدانی وێستگەی بوشەهر کاریگەریی مەترسیداری بۆ سەر هەموو وڵاتانی کەنداو دەبێت و پێویستە ئەم هێرشانە دەستبەجێ رابگیرێن.
سوپای ئەمریکا شەوی چوارشەممەی رابردوو، بە پاساوی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، نزیکەی 90 ئامانجی لە ناوخۆی ئێران بۆردومان کرد، یەکێک لەو بۆردومانانە شوێنێک نزیک وێستگەی بوشەهر بوو.