سوپای پاسداران: رەفتارەکانی ئەمریکا کارەساتی گەورەی کەرتی نەوت و گازی جیهانی بەدواوەیە
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی کەشتیەکاندا، کۆتاییهێنانە بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە گەرووەکەدا، ئەگەرنا بەهۆی بەردەوامبوونی دەستێوەردانەکان کارەساتی گەورەتر لە کەرتی نەوت و گاز لە جیهاندا روودەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران راگەیەندراوێکی لە بارەی دەسپێکردنەوە هێرشە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، هێزی دەریایی پاسداران، لە دوای هێرشە وێرانکارەکەی سەر دامەزراوە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جوفەیری بەحرەین، ئیستا دووکەڵێکی چڕ لە ئاسمانی ناوچەکە بەرز دەبێتەوە، هاوکات لە هێرشەکانی سوپای پاسداراندا توانراوە بە مووشەک و درۆن راداری چاودێری جووڵەی کەشتییەکان خاپوور بکرێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران هەڕەشەیەکی جیهانی لە کەرتی وزەدا دەکات و جەختیکردووەتەوە، تاکە رێگە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی دەریاییدا، کۆتاییهێنانە بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە گەرووەکەدا، ئەگەرنا بەهۆی بەردەوامبوونی دەستێوەردانەکان کارەساتی گەورەتر لە کەرتی نەوت و گاز لە جیهاندا روودەدات.
پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی تا کاتێکی نادیار راگەیاندبوو. ئەم هەنگاوەی دوای ئەوە هات، چەند کەشتییەکی ویستوویانە لە رێڕەوی نایاساییەوە تێپەڕن و هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە.
لە بەیاننامەکەی سوپا دا هاتبوو؛ بەهۆی "دەستوەردانی نایاسایی لایەنە بیانییەکان و دروستبوونی نائارامی، گەرووی هورموز تا کۆتاییهاتنی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە رووی هەموو جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتیوانیدا دادەخرێت."
سوپای پاسداران هۆشداری دایە واشنتن و رایگەیاند: "ئەگەر دوژمن ئەم رووداوە بکاتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەژێر مەترسی هێرشی توند و وەڵامدەرەوەدا دەبن."