بەرێوەبەری شارەوانی فەیدیە: دوو هەفتە تاپۆکردنی زەوی فەرمانبەران رادەگیرێت
بەرێوەبەری شارەوانی فەیدیە رایدەگەیەنێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە مەبەستی وردبینی لە ناوی فەرمانبەران، بۆ ماوەیەک پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان رادەگیرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکاتەوە.
محەمەد رەمەزان، بەرێوەبەری شارەوانی فەیدیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دهۆک ئاگادارکراینەوە، بڕیارمان دا بۆ ماوەی 2 هەفتە مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی فەرمانبەران رابگرین. ئەم بڕیارە لەسەر داوای سەنتەری بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی پارێزگای دهۆک بووە، چونکە فشارێکی زۆر لەسەر ئەو سەنتەرە هەیە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەکان."
بەرێوەبەری شارەوانی فەیدیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو سەنتەرە دەیەوێت وردبینی زیاتر لە ناوی ئەو فەرمانبەرانەدا بکات کە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە، تاوەکو دڵنیایی تەواو هەبێت لە پرۆسەکە. گوتیشی: "رۆژی 1ی ئاب دووبارە مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەمەد رەمەزان باسی لەوە کرد، کە شارەوانی فەیدیە پشکی شێری بەرکەوتووە لە دابەشکردنی زەوی و تا ئێستا زیاتر لە 10هەزار پارچە زەوی لە سنووری ئەو شارەوانییە دابەشکراون. روونیشیکردەوە کە پرۆسەکە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر زەوی دیکە بۆ ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگانە تەرخان بکرێت کە رەزامەندییان بۆ دەرچووە، کە زۆربەیان رەزامەندی کۆنیان هەیە.
سەبارەت بە کێشە یاساییەکان، بەرێوەبەری شارەوانی فەیدیە دڵنیایی دا و رایگەیاند: "لە سنووری شارەوانی ئێمە هیچ کێشەیەکی یاسایی یان کارگێڕی نییە. خاوەن زەویە کشتوکاڵییەکان قەرەبوو کراونەتەوە و مافی خۆیان وەرگرتووە، زەوییەکانیش بە شێوەیەکی یاسایی خراونەتە سەر ناوی شارەوانی."
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ماوەی 2 تا 3 مانگی داهاتوودا، نزیکەی 2500 پارچە زەوی دیکە بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێن کە رەزامەندی کۆن و نوێیان هەیە.