ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر پارێزگای خۆزستانی ئێران

جێگری پارێزگاری خۆزستان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر شارۆچکەی ئابادانی پارێزگای خۆزستان و بەهۆی هێرسەکەوە تەنیا کەسێک برینداربووە.

ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە، کاتژمێر 1:45 خولەکی دوای نیوەڕۆ هێرشەکە کراوە و بەهۆیەوە دووکەس کوژران و سی کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئاژانسەکە و سەرچاوەکەی، هیچ وردەکارییەکیان لە بارەی شوێنی بە ئامانجگیراو نەداوە.

لای خۆیەوە ئاژانسی فارس، بڵاویکردووەتەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئاسمانی شاری بەندەر عەباس توانیویانە درۆنێکی جۆری لوکاسی سوپای ئەمریکا بپێکن.

هەر ئەمرۆ ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە بەندەری بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم بیستراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە زاری دانیشتووانی ناوچەکەوە گواستوویەتیوە کە دەنگی تەقینەوەکان لە دەوروبەری بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەنگی تەقینەوەکان لە مەودایەکی دوور لە شارەکەوە بیستراون و وادیارە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای شاری بەندەر عەباس پێکدادان هەیە، راشیگەیاند، پێشبینی ئەگەری روودان و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز دەکرێت.

ئەم پێشهاتانەش دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەنجامدانی شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران رگەیاند، تێیدا بە چەکی پێشکەوتوو و بەقورسی چەندین پێگەی جیاوازیان کردووەتە ئامانج.