وەزارەتی بەرگریی رووسیا: لە ماوەی 12 کاتژمێردا 146 درۆنی ئۆکرانیامان خستە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە رێگەی چەکی ورد و دوورهاوێژەوە هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی کێیڤ و بەندەری یوژنی لە ئۆدێسا، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی 12 کاتژمێردا 146 درۆنی ئۆکرانیایان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە.

رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی پیشەسازی سەربازی لە کێیڤ و ژێرخانی بەندەری یوژنی لە پارێزگای ئۆدێسا.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، لەو هێرشانەدا چەکی وردی دوورهاوێژ کە لە زەوی و ئاسمانەوە ئاراستە دەکرێن، لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنراون. ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر بەندەری یوژنی، ئەو شوێنانە بووە کە بۆ کۆگاکردنی سووتەمەنی و کەرەستە لۆجیستییەکانی سوپای ئۆکرانیا بەکاردەهێنران.

بەندەری یوژنی کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری ئۆدێساوە دوورە، یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر دەریای رەش. ئەم بەندەرە وەک ناوەندێکی ستراتیژی بۆ وەرگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا و هەناردەکردنی دانەوێڵە دادەنرێت، هەر بۆیە لەم دواییانەدا بووەتە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی رووسیا.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی 12 کاتژمێردا (لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 20:00ی شەو بە کاتی مۆسکۆ)، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان توانیویانە 146 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا تێکبشکێنن.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو درۆنانە لە ئاسمانی چەندین ناوچەی جیاواز وەک برێیانسک، بێلگۆرۆد، ڤۆرۆنیژ، کورسک، کالۆگا، ئۆریۆل، رۆستۆڤ، ریازان، تولا و مۆسکۆ، هەروەها لە ئاسمانی نیمچە دوورگەی کریمیا و دەریای رەش و دەریای ئازۆف خراونەتە خوارەوە.