تێچووی دووسایدى سپیلک – خەلیفان زیاتر لە 90 ملیار و نیوە دینارە
دووسایدى سپیلک - خەلیفان شاڕێگایەکى ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانە و لە دوو بەشى جیاواز پێکدێت، بەشە سەرەکی و ستراتیژیەکەى پڕۆژەکە کە بە رێگاى هامڵتۆن ناسراوە بریتیە لە دووسایدى سپیلک خەلیفان و بە بڕى 78 ملیار و 788 ملیۆن دینار لە کۆتایی مانگى نۆى ساڵى 2022 دەستبەجێبەجێکردنى کرا و کاڤین گرووپ بەر لە وادەی دیاری کراو جێبەجێی کرد.
درێژی پڕۆژەکە 10کم لەگەڵ 8 کم رێگاى لاوەکى و خزمەتگوزارى، پانیەکەى 23 مەترەو هەرسایدێکى دوولاین لەخۆدەگرێت لەگەڵ رێگاى لاوەکى و خزمەتگوزارى.
هەروەها هەردووئەندەرپاسى سپیلک بارزان و دەروازەى خەلیفان لەگەڵ ئۆڤەرپاسى دۆڵى ئالانە کە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و راپەڕین بەیەک گرێدەدات بەشێکی گرینگى رێگاکەن.
بەشى دووەمى بریتی یە لە دووسایدى نێوقەزاى خەلیفان کە بەگوژمەى 11 ملیار و 790 ملیۆن دینار لەمانگى چوارى ساڵى 2024 دەست بەجێبەجێکردنى کراوە و ئەویش پێش وادەی دیاری کراو خرایە خزمەت.
درێژیەکەى یەک کیلۆمەتر و نیوەو پانیەکەى 25 مەترە, پێکدێت لە ئەندەرپاسێک و دووپردى پەڕینەوەى پیادە، لەگەڵ هەزار و سەد مەتر رێگاى لاوەکى و خزمەتگوزارى.
کۆى تێچووى دووسایدى سپیلک خەلیفان بریتیە لە 90 ملیار و 578 ملیۆن دینار.
رێگاکە کارئاسانى زۆرى بۆهاتن و چوونى دانیشتوانى ناوچەکە و کەرتى گەشتیارى ناوخۆى و بیانى کردووەو دهۆک و هەولێرى پایتەختى بەئیدارەى سەربەخۆى سۆران گرێداوە، لەگەڵ کارئاسانى زۆر بۆ بزاوتى بازرگانى و گەشتیارى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران.