شێرپەنجە و زبڵخانە دانیشتووانی پارێزگای دیالەیان هەراسان کردووە

 ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئاشکرای کرد، زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوە، هاوکات ئامارەکانی تووشبوونیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، ئەوس مەهداوی لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند شەش هەزار و 400 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوە، گوتیشی، ئەم دۆخە پێویستی بە هەڵوێستێکی جددی و بەپەلەی لایەنە حکوومییەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکان و رێگریکردن لە خراپتربوونی قەیرانەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، شوێنەکانی ئێستای ژێرخاککردنی خۆڵ و خاشاک دەکەونە نزیک شار و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان، ئەمەش مەترسییەکی ژینگەیی و تەندروستی گەورە بۆ سەر هاووڵاتییان دروست دەکات، لەگەڵ بوونی چەندین سەرچاوەی دیکەی پیسبوون کە هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان لە پارێزگاکەدا.

هەروەها روونیشی کردەوە، بەردەوامبوونی کارکردن لەو زبڵخانانەی لە ناوچە ئاوەدانەکانەوە نزیکن، بووەتە هۆی نیگەرانییەکی قووڵی هاووڵاتییان، بەتایبەتی بەهۆی ئەو گاز و بۆن و پیسبوونەی لێیانەوە دەردەچێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەکات. لەبەر ئەوە، داوایکرد دووبارە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ژێرخاککردنی خۆڵ و خاشاکدا بکرێت لەسەر بنەمای پێوەرە ژینگەییە پەسەندکراوەکان.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، داوای گواستنەوەی شوێنەکانی خۆڵ و خاشاکی بۆ ناوچە دوورە دەستەکان و بەدوور لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان دەکات، لەگەڵ بەکارهێنانی رێگاچارەی هاوچەرخ بۆ بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی پاشماوەکان. هەروەها جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی چاودێری ژینگەیی و ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی کردەوە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون و چارەسەرکردنیان.