ترەمپ: عێراقمان خۆشدەوێت

سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و پاش کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان دەستپێدەکات.

سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشە کۆشکی سپی لە واشنتن و، لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لێ کرا.

ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی، لە میانەی پێشوازییکردنی زەیدی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: ئێمە عێراقمان خۆش دەوێت، هەروەها زەیدی کەسێکی زۆر باشە و دەتوانێت بە باشی نوێنەرایەتیی عێراقییەکان بکات.

بە پێی زانیارییەکانی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی، نزیکەی کاتژمێرێک بخایەنێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکە باس لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ بکرێت، بە تایبەت باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکرێت.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیدا گەیشتە واشنتن.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ پەرەپێدانی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گۆڕینیان بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی کارا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی، راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان لە عێراقدا. حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوبەشییەوە، تەکنۆلۆژیا و سەرمایەی ئەمریکی بۆ ناوخۆی وڵات ڕابکێشێت تاوەکو سیمایەکی مۆدێرن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ببەخشێت.