سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە و 23 کەسی دیکە رەوانەی زیندان کران
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا، سەرۆکی شارەوانیی چانکایا لەسەر پشکی جەهەپە زیندانی کرا.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر تۆمەتەکانی گەندەڵی و فێڵکردن لە تەندەرەکان، دادگای ئەنقەرە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ حوسێن جان گیونەر، سەرۆکی شارەوانیی چانکایا لەسەر پشکی جەهەپە و 23 کەسی دیکە دەرکرد.
ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان لە 11ـی تەممووزەوە لە شاری ئەنقەرە دەستی پێکردووە، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە کارمەند و بەرپرسانی شارەوانی دەستبەسەر کران.
حوسێن جان گیونەر لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی دەرەوەی وڵات، راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە دەستگیر کراوە.
سەرۆکی شارەوانی لە گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەی تەندەرەکان لەلایەن بەشە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێوەبراون، هەروەها خۆی هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی پێیانەوە نەبووە.
سەرەڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، دادگا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ 24 گومانلێکراو دەرکرد و شەش کەسی دیکەشی بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کرد.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئەو هەنگاوەی بە بەشێک لە فشارە سیاسییەکان بۆ سەر شارەوانییەکانیان دانا. پارتەکە راشیگەیاند بۆ دەرکەوتنی راستییەکان بە وردی چاودێریی پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەکەن.
شارەوانیی چانکایا گەورەترین ناوچەی سەر بە پارێزگای ئەنقەرەیە و بەیەکێک لە قەڵا بەهێزەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەژمار دەکرێت.
حوسێن جان گیونەر، سیاسەتمەدارێکی گەنجی جەهەپەیە و لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی مانگی ئاداری ساڵی 2024 توانی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکە بەدەست بهێنێت.