رێکاری توند دژی پیسکەرانی رووباری فورات دەگیرێتەبەر
بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، زنجیرەیەک رێکاری نوێیان بۆ سنووردارکردنی پیسبوونی ئاوی رووباری فورات گرتووەتەبەر، ئەویش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و سەپاندنی سزای دارایی قورسە بەسەر دامەزراوە حکوومییەکان و ئەو کارگانەی دەکەونە نزیک رووبارەکەوە.
قەیس ناجح عەبد، بەڕێوەبەری ژینگەی ئەنبار، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، تیمە هونەرییەکان بەردەوامن لە گەڕانی مەیدانی چڕ بە مەبەستی چاودێریکردنی هەر سەرپێچییەک و پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی ژینگەیە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکنینی وردیان بۆ چەندین ناوچەی کەنار رووباری فورات کردووە تا رێگری بکەن لە رشتنی پاشماوەکان، بە تایبەتی لە لایەن کارگەکان و شوێنەکانی شووشتنی ئۆتۆمبێل و وێستگەکانی ئاوەڕۆوە کە بێ هیچ پاڵاوتنێک ئاوی پیس دەڕژێننە ناو رووبارەکەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر فەرمانگەی ئاوەڕۆی ئەنبار گیراوەتەبەر و بەهۆی بەردەوامبوونی لە پیسکردنی رووبارەکە و سزای دارایی دراوە، دۆسیەی یاسایی لەسەر تۆمارکراوە.
بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەم بابەتە، حکوومەتی خۆجێی ئەنبار دەستی کردووە بە دروستکردنی چەندین وێستگەی پێشکەوتووی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە قەزاکانی رومادی و فەللوجە و هیت، لەگەڵ وێستگەیەکی دیکە کە لە قەزای حەبانیە لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
هەروەها تەواوی ئەم پڕۆژانە قۆناخی یەکەمی کارەکانیان کۆتایی هاتووە و پارێزگاکە لە هەوڵی بەدەستهێنانی بودجەی پێویست دایە بۆ تەواوکردنی قۆناخی دووەم، کە بەستنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ بەم وێستگانەوە لەخۆدەگرێت تا لە لایەکەوە رێگری لە پیسبوونی رووباری فورات بکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە ئاوە پاڵێوراوەکە بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێتەوە.