تەندروستیی ئێران: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە دەیان قوربانی تۆمارکراوە

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێکی نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکان وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و بە گویرەی ئامارەکان دەیان کوژراو و بریندار هەن، لەنێویاندا خەڵکی مەدەنیش هەن.

حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دوا ئاماری زیانە گیانییەکانی وڵاتەکەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بڵاوکردووە و رایگەیاندووە، زۆرترین زیانی گیانی و ماددی بە پارێزگاکانی هۆرمزگان، خۆزستان، سیستان و بەلوچستان کەوتووە و تا ئێستا 35 کوژراو تۆمارکراوە و لەگەڵ زیاتر لە 300 بریندار، کە لەنێویاندا ئافرەت و منداڵیش هەن.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دوو کەس کوژراون و 260 کەسیش برینداربوون، بەڵام مەزندە دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت.

هەرچەندە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا، لە نێوان شاندەکانی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا بەنێوەندگیری پاکستان و قەتەر، لە سویسرا یاداشتی لێتێگەیشتن بۆ 60 رۆژ و راگرتنی جەنگ و زەمینەسازی بۆ رێککەوتن واژۆکرابوو، بەڵام لە بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردووەوە پابەندبوون بە یاداشتنامە واژۆکراوە، شکستی هێناو هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردەوە، هۆکاری هێرشەکانیشیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئێران پابەندنەبوون و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتیە بازرگانیانەی بەنیازبوون گەرووی هورمز تێپەڕێنن.

لە لایەن خۆیەوە ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) ئێوارەی سێشەممە راگەیاندبوو، کە هەوڵە سەربازییەکانیان بۆ هێرشی دیکەی سەربازی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە چڕکردووەتەوە، هاوکات سزای دیکەی دەریایی بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.