ترەمپ لەسەر پرسی ئێران: حەز ناکەم مۆڵەت و وادەی کۆتایی دیاریی بکەم
سەرۆکی ئەمریکا، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە داهاتووی دۆسیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران روون کردەوە و رایگەیاند: پێویستە تاران گۆڕانکاری لە شێوازی هەڵسوکەوتەکانیدا بکات.
چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا، لە بارەی ئەگەری دیاریکردنی کاتێکی تایبەت بۆ دانوستان یان گرتنەبەری رێکاری توندتر بەرامبەر تاران گوتی: "حەز ناکەم وادەی کۆتایی دیاری بکەم."
سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی روونی ئاڕاستەی تاران کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەرکردایەتیی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا بە شێوازێکی جیاواز کار بکات، و گوتی: "پێویستە ئێران بە شێوازێکی باشتر رەفتار بکات."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە لێدان و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئێران، پێگەی واشنتن بەهێزتر دەکات و بژاردەکانی بەردەم ئەمریکا بۆ پەرەسەندنی ئەگەریی گرژییەکان لە داهاتوودا فراوانتر دەکەن.
لای خۆیەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە واشنتن هێزی سەربازی دژی ئێران بە شێوازێکی کراوە یان بۆ ماوەیەکی نادیار بەکارناهێنێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان هێزی سەربازی تەنیا وەک یەکێک لەو چەندین ئامرازە بەردەستە پەیڕەو دەکەن کە بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێراندا لەبەردەستدان.
ڤانس ئاماژەی بەوەش دا، دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیەی ئێراندا هێزی سەربازیی تەنیا بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی کۆنکرێتی و دیاریکراو بەکارهێناوە، نەک بۆ راکێشانی ناوچەکە بۆ ناو جەنگێکی بێ کۆتایی.