تەندروستیی هەولێر: بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا رێگری لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەش دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر،  نوێترین پەرەسەندنەکانی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، بەتایبەت لە بوارەکانی چاندنی ئەندامەکانی لەش و کۆنتڕۆڵکردنی جۆرایەتی دەرمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 169ـی تەممووزی 2026، دکتۆر دلۆڤان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە کوردستان24 راگەیاند؛ بەگویرەی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2018 پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی لەش رێکخراوە. ئێستا لە هەولێر، چاندنی گورچیلە و جگەر لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت.

دکتۆر دلۆڤان جەختی کردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەش و فریودانی مرۆڤ، لیژنەیەکی باڵا بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان چاودێری پرۆسەکە دەکەن.

هەروا ئاشکرای کرد، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، رێکارێکی نوێ گیراوەتە بەر؛ بە جۆرێک ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن بۆ چاندنی ئەندام، دەبێت رەزامەندی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی فیدراڵ بهێنن. ئەمەش بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو هەبێت و رێگری بکرێت لەوەی ئەگەر کەسێک لە بەغدا رەت کرایەوە، نەتوانێت بە بێ رەزامەندی لێرە پرۆسەکە ئەنجام بدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی دەرمان. رایگەیاند: "ئێستا 99%ـی ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانە و کۆگا و نەخۆشخانەکاندایە، پشکنینیان بۆ کراوە و کوالێتییان پارێزراوە."

دکتۆر دلۆڤان داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی کڕینی دەرماندا، دڵنیا ببنەوە لە بوونی ستیکەر و بارکۆدی کوالێتی کۆنتڕۆڵ، چونکە ئەوە تەنیا گەرەنتییە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەرمانەکە قاچاخ و ساختە نییە. جەختیشی کردەوە، لیژنەکانی چاودێری بەردەوامن لە سزادانی هەر شوێنێک کە دەرمانی ماوەبەسەرچوو یان بێ بارکۆد بفرۆشێت.