دەست بە دروستکردنی تەلەفریکی چیای گارە دەکرێت

مۆڵەت بە دروستکردنی پڕۆژەی تەلەفریکی چیای گارە لە سنووری قەزای ئامێدی بە تێچووی 25 ملیۆن دۆلار درا و بەمزووانە کۆمپانیایەکی نەمساوی دەست بە جێبەجێکردنی کارەکانی دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، هەڤاڵ سەدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، مۆڵەتی پێویست بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی تەلەفریک لە چیای گارە لە سنووری ناحیەی سەرسەنگی سەر بە قەزای ئامێدی دەرچووە.

هەروەها گوتی، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی نەمساوی دەکرێت و بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەکە لە دوو قۆناخ پێکدێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیا بیانییەکە ئامێرەکانی بگوازێتەوە بۆ شوێنی مەبەست و دەست بە قۆناخی یەکەم بکرێت. 

دروستکردنی قۆناخی یەکەم یەک ساڵ دەخایەنێت، قۆناخی دووەمیش بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت تاوەکوو کارەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت.

چیای گارە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییە دڵڕفێنەکانی پارێزگای دهۆک و دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و کەشوهەوا فێنکەکەی لە هاوین و بەفراوییەکەی لە زستاندا، ساڵانە سەرنجی هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری، چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لەم ناوچەیە راگەیاندووە. دروستکردنی تەلەفریک لەم چیایە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ناوچەکە و رەخساندنی هەلی کار بۆ سەدان گەنجی ناوچەکە. 

پێشتریش لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ کراون و سوودێکی زۆریان بە کەرتی گەشتیاریی وڵات گەیاندووە.