لە ناحیەی زەرایەن قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات
سەرۆکایەتی شارەوانی زەرایەن رایدەگەیەنێت، رۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی 329 پارچە زەوی دەکرێت و پرۆسەکەش فەرمانبەران، خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی دەگرێتەوە.
بورهان رەشید، سەرۆکی شارەوانی زەرایەن بە کوردستان24ی رایگەیاند، رۆژی دووشەممە رێکەوتی 20ی تەممووزی 2026، سەرۆکایەتی شارەوانی زەرایەن دەست بە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی لیستەکان، 329 پارچە زەوی دابەش دەکرێن، کە 46 پارچەیان بۆ زیندانیانی سیاسی و 283 پارچەکەی دیکە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان تەرخان کراون.
سەرۆکی شارەوانی زەرایەن باسی لەوەش کرد، دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوازی تیروپشک و بەپێی خاڵبەندی لە هۆڵی "شەهید قادر حەمەساڵح" بەڕێوە دەچێت. پرۆسەکە بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حکوومی ناوچەکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
ناحیەی زەرایەن سەر بە قەزای شارەزوورە لە پارێزگای سلێمانی و بە دووری 32 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی.
دوای ئەوەی چەندین ساڵ بوو بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران راگیرابوو، لە مانگی ئایاری ساڵی 2024 بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردەوە و هەر فەرمانبەرێک بە رووبەری 200 مەتر زەوی پێدەدرێت.