بازگەکانی ئاسایشی سلێمانی رێگری لە گەیشتنی دەرمان لە هەولێرەوە دەکەن
ماوەی هەفتەیەکە بازگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، رێگری لە هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە هەولێرەوە دەکەن، ئەمەش هۆشداریی لێکەوتووەتەوە لەبارەی ئەگەری دروستبوونی قەیرانی کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
رێکارە نوێیەکانی بازگەکانی پارێزگای سلێمانی، کێشەی لە گواستنەوە و دابەشکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکاندا دروست کردووە، ئەمەش نیگەرانی کۆمپانیاکانی کەرتی دەرمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە کەرتی تەندروستی لێکەوتووەتەوە.
بە پێی زانیاری و بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردووەوە لە بازگەی سماقوولی، رێگری لە 24 بارهەڵگری ساردکەرەوە کراوە کە دەرمان و پێداویستی پزیشکییان بارکردووە، بەبێ روونکردنەوەی هۆکارەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ پارێزگای هەولێر.
ئەم رێگرییە تەنیا کۆمپانیا تایبەتەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کۆمپانیایانەشی گرتووەتەوە کە خاوەنی تەندەری فەرمیی وەزارەتی تەندروستین بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشخانە حکوومییەکان لەو سنوورەدا.
لەم چوارچێوەیەدا، د ئازا، بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند: پرۆسەی هاوردەکردن، ناردن و دابەشکردنی دەرمان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، بە پێی یاسا تەنیا لە دەسەڵاتی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرماندایە؛ بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە پێشێلکردنی ئەم دەسەڵاتە، فۆڕمێکی تایبەتی دروستکردووە کە بەهۆیەوە مەرجی پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە لە بازگەکاندا جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر نا رێگە بە هیچ دەرمانێک نادرێت داخڵی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بێت.
بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان هۆشداریی دا، لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە مەترسی راستەوخۆ لەسەر کەرتی تەندروستی دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمیی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە لە کۆتاییدا هاووڵاتییان و نەخۆشان زیانمەندی یەکەم دەبن.
هاوکات گوتیشی: ناشزانین ئەو فۆڕمە بۆ داهێنراوە کە پێچەوانەی یاسایە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بۆ وەرگرتنی پارەیە یاخود بۆ مەبەستێکی دیکەیە؟