کۆشکی سپی: ترەمپ لە گوتاری ئەمشەویدا پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ دەکات

کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و تێیدا تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی هەستیار، کە پرسی هەڵبژاردن یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەمموزی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هانی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم چاودێری گوتاری ئەمشەوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن."

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا جارێکی دیکە پابەندیی خۆی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دووپات دەکاتەوە و کارنامەی داهاتووی بۆ ئەمریکییەکان رووندەکاتەوە.

کارۆلاین لیڤیت جەختی لەوەش کردەوە، کە "بابەتی هەڵبژاردن" یەکێک دەبێت لە بابەتە هەرە گرنگ و جەوهەرییەکانی نێو گوتارەکەی ئەمشەوی سەرۆک ترەمپ.

هەروەها گوتی: ئێران بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات.

باسی لەوەش کرد،  رۆژی یەکشەممە ئامادەی یاری کۆتایی مۆندیالی 2026ی دەبێت، کە لە نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا،  بەڕێوەدەچێت.

کارلۆلاین لیڤیت بە رۆژنامەنووسانی گوت "ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بەو خولەی مۆندیال دەهێنێت، کە پڕبینەرترین، ئارامترین و سەرکەوتووترین مۆندیال بووە لە مێژوودا."

گوتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها گوتی  "ترەمپ گوتارێکی گرنگ دەربارەی پاراستنی پاکوبێگەردی هەڵبژاردنەکانمان ئاراستەی گەل دەکات و داوا لە هەموو ئەمریکییەک دەکەین بینەری بن".

گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بەهۆی پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بووە لەلایەن ئێرانەوە و ئێران بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات.

کارۆلاین دەڵێت، گەرووی هورمز کراوەیە بە رووی ئەو کەشتییانەدا کە روویان لە ئێران نییە یان لەوێوە بە رێ نەکەوتوون و ترەمپ رێگە نادات ئێران لە گەرووی هورمز هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان و  دەسەڵاتی ئێران دابەشبووە و بەشێکیان لایەنگری واژۆکردنی رێککەوتنێکن.

دەشڵێت، سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە کراوەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، چونکە بڕوای بە پرەنسیپی "بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" هەیە و بۆ جیهانی سەلماند کە ئێمە دەتوانین لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا بێت لە ئێران بدەین و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئێران بەهۆی پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بووە لەلایەن تارانەوە.