ترەمپ: چین دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنی 2020ـی ئەمریکادا کردووە

ترەمپ: چین داتای 220 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی دزیوە

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری نەتەوەییدا هێرشێکی توندی کردە سەر حکوومەتی چین و تۆمەتباری کرد بەوەی کە لە رێگەی هاککردن و کڕینەوە، داتای 220 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکیی لە هەڵبژاردنی 2020دا دزیوە؛ ترەمپ "دەوڵەتی قووڵ" و بەشێک لە بریکارەکانی FBIی بە پەردەپۆشکردنی ئەم راستییانە تۆمەتبار کرد

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە بەرەی شەڕی ئێراندا دەستکەوتی یەکجار گەورەی بەدەستهێناوە و گوتی: "ئێمە لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووین و بەمزووانە هەمووان بەرهەمی ئەو کارە گەورەیە دەبینن." ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازییە لەسەر ئاستی جیهان.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر حکوومەتی چین و تۆمەتباری کرد بەوەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بە داتای 220 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی گەیشتووە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە چین لە چەندین چالاکیی گوماناوی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان تێوەگلاوە. لەم چوارچێوەیەدا، فەرمانی دا بە ئاشکراکردنی دەستبەجێی زانیارییە هەواڵگرییەکان تاوەکو خەڵکی ئەمریکا لەو لاوازییە شۆککەرانە ئاگادار بن کە لە ژێرخانی هەڵبژاردنی وڵاتەکەیاندا هەبووە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ترەمپ ئاماژەی بە سەرکەوتنی پلانە تەندروستییەکانی حکومەتەکەی کرد و رایگەیاند: "نرخی دەرمانەکان بە رێژەی 70% بۆ 90% دابەزیون، کە ئەمە خزمەتێکی گەورەیە بە هاووڵاتییان."

سەبارەت بە کەرتی دارایی، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر وەبەرهێنانمان هەیە و بازاڕەکانی پشک لە باشترین دۆخی مێژوویی خۆیاندان."

سەرۆک ترەمپ ئاشکرای کرد، حکوومەتی چین هەوڵی داوە ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییانە دەستنیشان بکات کە پێشتر بە شێوەیەکی نەرێنی راپۆرتیان لەسەر سەرۆکایەتییەکەی ئامادە کردووە و گوتیشی: "چین بڕە پارەیەکی یەکجار زۆری پێ داون تاوەکو زۆرترین وتاری نەرێنی لە دژی من بنووسن." ئامانج لەم کارەش، بە گوتەی ترەمپ، تێکدانی متمانەی ناوخۆیی بووە بە سەرۆک، تاوەکو وای نیشان بدەن "سەرۆکەکەتان لێهاتوو نییە"، لە کاتێکدا ئەو جەختی کردەوە "کارێکی یەکجار گەورەی" ئەنجام داوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، چین لە ناوەڕاستی ساڵی 2018ەوە کاری کردووە بۆ کاریگەریکردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە بەراییەکان و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020. ئەو رەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت کە بە "دەوڵەتی قووڵ" ناوی بردن لە ناو دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، و تۆمەتباری کردن بەوەی بە ئەنقەست زانیارییەکانی دەستوەردانی چینیان شاردووەتەوە و رێگەیان نەداوە نە سەرۆک و نە گەلی ئەمریکا لەو مەترسییانە ئاگادار بن.

سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی تێکچوونی ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، چین توانیویەتی دەستی بە داتای 220 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی بگات. ترەمپ گوتی: "ئەم زانیارییانە لە 18 ویلایەتی جیاوازەوە کڕدراون، دزراون یان هاک کراون." بە گوتەی ترەمپ، ئەو داتایانە زانیاریی یەکجار ورد و هەستیاریان تێدابووە، لەوانە: "ناو، ناونیشان، ژمارەی تەلەفۆن، لایەنگیریی سیاسی و تەواوی ئەو زانیارییانەی کە بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران پێویستن."

ترەمپ ئەم کارانەی چینی بە گەورەترین پێشێلکاریی داتا لە مێژوودا وەسف کرد و بەڵێنی دا، راستییەکان بۆ خەڵکی ئەمریکا دەربخات و رێگری لە هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بگرێت کە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.

دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند، وڵاتانی نەیاری ئەمریکا، لە سەرووی هەمووشیانەوە رووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور، لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکە، توانای ئەوەیان هەیە دەستوەردان لە ژێرخانی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بکەن. ترەمپ ئەم دۆۆزینەوانەی بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف کرد و جەختی کردەوە متمانەی دەنگدەران لە مەترسیدایە.

هەروەها ترەمپ هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی و ئاماژەشی دا، "ئەمڕۆ داوام لە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، وەزارەتی داد، FBI و CIA کردووە لێکۆڵینەوە بکەن لەوەی بۆچی و چۆن ئەم زانیارییە هەستیارانە شاراونەتەوە."؛ گوتیشێ، پێویستە ئەو کەسانەی لەم "پەردەپۆشکردنەدا" تێوەگلاون لە کارەکانیان دەربکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر هۆکاری دژایەتییەکانی چین لادا و باسی لەوە کرد، "حکوومەتی چین دەیویست من لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێم، چونکە ئەوان دەزانن من لە پیلانەکانیان تێگەیشتووم." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی سەپاندنی ملیارەها دۆلار باج بەسەر کاڵا چینییەکان و بنیاتنانی بەهێزترین سوپا لە جیهاندا، بەژینگ هەموو هەوڵێکی داوە تاوەکو پێگەی ئەو وەک سەرۆک لە ناوخۆی ئەمریکادا لاواز بکات.

سەرۆک ئەمریکا لە دڕێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، ئامێرەکانی دەنگدان و سیستەمی ژماردنی دەنگەکان لە ئەمریکا، بە تەواوی لەبەردەم مەترسیی هاککردن، دەستکارییکردن و گەندەڵیدان.

ترەمپ پەردەی لەسەر بوونی سەدان هەزار ناوی مردوو و ئەو کەسانە لادا کە رەگەزنامەی ئەمریکییان نییە بەڵام لە لیستی دەنگدەراندا وەک "دەنگدەری چالاک" ناویان هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی پشکنینەکانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی (DHS)، نزیکەی 278 هەزار کەسی جگە لە هاووڵاتی وەک دەنگدەر تۆمار کراون، بەڵام ژمارە راستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە، چونکە ویلایەتە دیموکراتەکان رەتکردنەوەی خۆیان نیشانداوە لە هاوبەشکردنی زانیارییەکانی دەنگدەرانیان.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەمڕۆ بەڵگەنامەگەلێک بڵاودەکەینەوە کە نیشانی دەدەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) دەستی بە راپۆرتێک گەیشتووە لەبارەی پیلانێکی تایبەت بۆ ساختەکردنی هەڵبژاردنەکان بە شێوەی دیجیتاڵی لە بەرژەوەندی رژێمە گەندەڵەکەی مادورۆ لە ڤەنزوێلا." بە گوتەی ترەمپ، ئەمە دروست ئەو کارەبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـی ئەمریکاشدا ئەنجام دراوە بۆ دەستکارییکردنی ئەنجامەکان.

ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا رەخنەی توندی لە نەبوونی سیستەمی دڵنیایی (Voter ID) گرت و جەختی کردەوە کە ئەم لاوازییانە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەخەنە مەترسییەوە، و بەڵێنی دا کە کار بۆ چاککردنی ئەو ژێرخانە بکات تاوەکو متمانە بۆ پرۆسەی دیموکراسی بگەڕێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا "یاسای پاراستنی ئەمریکا" پەسند بکات، کە تایبەتە بە ناچارکردنی دەنگدەران بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان لە کاتی دەنگداندا. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەکەی زنجیرەیەک رێکاری توندی گرتووەتە بەر بۆ بەهێزکردنی پاراستنی داتای دەنگدەران تاوەکو رێگری لە هەر جۆرە دەستکارییەک بگرن.

ترەمپ هەندێک لە بریکارەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "هەوڵیان داوە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانی پەیوەست بە دەستوەردانی چین لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بشارنەوە." بەهۆی ئەم گومانانەوە، ترەمپ بە فەرمی داوای لە بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و (FBI) کرد کە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت و ورد لەبارەی جووڵەکانی چین بکەنەوە.

ترەمپ بەڵێنی دا کە بەمزووانە ئەنجامی تەواوەتی ئەو لێکۆڵینەوانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات کە تایبەتن بە هاککردنی ژێرخانی هەڵبژاردنەکان و دەستکاریکردنی سیستەمی دەنگدان، جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ وڵاتێکی بێگانە ئاسایشی دیموکراسیی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە.

کامڵا هێریس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەر لە دەستپێکردنی گوتاری ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئەمشەو لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە درۆ و تیۆرییەکانی پیلانگێڕی بڵاو بکاتەوە، ئەمە ئەو راستییەیە کە پێویستە بیزانن؛ "هەڵبژاردنی 2020 نەدزراوە؛ ئێمە بردمانەوە و ئەو دۆڕاندی."

رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەمموزی 2026، کارۆلاین لڤێت، سکرتێریی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو "هانی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم چاودێری گوتاری ئەمشەوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن."

سکرتێریی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردبوو، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا جارێکی دیکە پابەندیی خۆی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دووپات دەکاتەوە و کارنامەی داهاتووی بۆ ئەمریکییەکان رووندەکاتەوە؛ جەختیشی لەوەش کردبووەوە، کە "بابەتی هەڵبژاردن" یەکێک دەبێت لە بابەتە هەرە گرنگ و جەوهەرییەکانی نێو گوتارەکەی ئەمشەوی ترەمپ.