سوپای پاسداران: بنکە و رادارەکانی ئەمریکامان لە عومان بۆردوومان کرد

سوپای پاسدارانی ئێران لە دوو راگەیەندراوی نوێدا، ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و رادارەکانی ئەمریکا لە هەریەکە لە عومان و کوەیت راگەیاند و دەڵێت، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئێران.

ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوی ژمارە 21ـدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی "شەپۆڵی 13ی ئۆپەراسیۆنی نەسر2"، رادارێکی کۆنترۆڵی دەریایی ئەمریکای لە ناوچەی (سەلامە) و رادارێکی کۆنترۆڵی ئاسمانی سوپای ئەمریکای لە ناوچەی (غەنەم) لە سوڵتاننشینی عومان کردووەتە ئامانج و بە تەواوی تێکیان شکاندوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دروشمی "یا ئەباعەبدوڵڵا ئەلحسوسەین" ئەنجامدراوە و سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە گەرووی هورمز هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە و ئۆپەراسیۆنەکانی وەڵامدانەوە بە توندی بەردەوام دەبن.

هاوکات لە راگەیەندراوی ژمارە 20ـدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە ئاسمانییەکانیان لە وەڵامی کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگەکانی شەمەندەفەر و پەیوەندییەکان، بنکەیەکی گەورەی ئەمریکایان لە کوەیت کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە شەپۆڵی 12ی ئۆپەراسیۆنی "نەسر2"، رادارێکی ناسینەوەی بەرگری مووشەکی، چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی، دوو سەکۆی مووشەکی "هیمارس" و ژمارەیەک مووشەکی سوپای ئەمریکای لە کوەیت پێکاوە، کە بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لەو بنکە سەربازییە کەوتووەتەوە.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە ماوەی شەش رۆژە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دەپێکێت. پەکخستنی ئەم پردانە دەبێتە هۆی دابڕانی پەیوەندیی نێوان گەورەترین بەندەرەکانی ئێران و شارە ناوخۆییەکان، کە ئەمەش لێکەوتەی ئابووری و سەربازیی قورسی بۆ تاران دەبێت.