سوپای پاسداران بنکەکانی ئەمریکای لە ئوردن بۆردوومان کرد
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە زنجیرەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج و بانگەشەی تێکشکاندنی چەندین فڕۆکەی جەنگی دەکات. لە بەرامبەردا ئوردن دەڵێت، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان زۆربەی هێرشەکانیان بەرپەرچ داوەتەوە.
رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان لە ئوردن بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە "چەندین فڕۆکەی تانکەری سووتەمەنی و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا"یان تێکشکاندووە و زیانی گەورەیان بە ژمارەیەکی دیکەش گەیاندووە.
هەروەها سوپای پاسداران داوای لە هاووڵاتییانی ئوردن کردووە کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە وڵاتەکەیاندا بکەنە ئامانج. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر قەبارەی زیانەکان نەداوە و بانگەشەکانی ئێران لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
زۆربەی هێرشەکانی ئێران بنکەی ئاسمانی (موەفەق سەلتی) کە بە بنکەی (ئەزرەق) دەناسرێت، لەگەڵ بنکەی ئاسمانی (شازادە حەسەن)یان کردووەتە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدا جێگیرە. تاران دەڵێت ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی بروسک" ئەنجامدراون و تێیدا وێستگەکانی رادار، سیستەمی پەیوەندییەکان، کۆگاکانی سووتەمەنی و هانگارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (MQ-9 Reaper) کراونەتە ئامانج.
لای خۆیانەوە، هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایانگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان زۆربەی مووشەک و درۆنەکانی بەرپەرچ داوەتەوە، لەوانە شەپۆلێکی 8 مووشەکی ئێرانی کە نەیانهێشتووە بگەنە ئامانجەکانیان. بەرپرسانی سەربازیی ئوردن دەڵێن هیچ زیانێکی گیانی یان زیانی گەورەی دارایی بە ژێرخانی وڵاتەکە نەگەیشتووە، بەڵام 14 کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکێنراوەکان بە سووکی بریندار بوون.
عەممان جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە رێگە نادات خاک و ئاسمانی ئوردن ببێتە گۆڕەپانی شەڕ یان رێڕەوێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.
ئەم هێرشانەی سەر ئوردن هاوکات بوون لەگەڵ زنجیرە هێرشێکی دیکەی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت، بەحرەین، عومان و سووریا، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی مەترسیداری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان واشنتن و تاران لە ناوچەکەدا.