سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی بەریتانیا: هیوا بۆ گەل دەگەڕێنینەوە

پارتی کرێکارانی بەریتانیا ئاندی بێرنمی وەک سەرۆکی نوێی پارتەکە و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵات هەڵبژارد، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستارمەر دێت.

پارتی کرێکارانی بەریتانیا بڕیاری کۆتایی دا و ئاندی بێرنمی وەک سەرۆکی پارتەکە دیاری کرد. بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە جێگەی کییەر ستارمەر ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.

لەبارەی دیاریکردنی وەک سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، ئاندی رایگەیاند، هیوا بۆ گەل دەگەڕێنێتەوە. گوتیشی، ئەو سیستەمە سیاسییەی ئێستا لە بەریتانیادا هەیە پڕە لە ئاڵنگاری و سوود بە هاووڵاتییانی ئاسایی ناگەیەنێت.

جەختی لەوەش کردەوە، هێز و دەسەڵات بۆ ناوچەکانی دەرەوەی لەندەن دەگەڕێنێتەوە و گەشەپێدانێکی یەکسان لە سەرانسەری وڵاتدا پەیڕەو دەکات.

بێرنم دەبێتە حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تەنیا لە ماوەی 10 ساڵدا، ئەمەش رەنگدانەوەی تەنگژەیەکی قووڵی سیاسییە لەو وڵاتەدا.

ئاندی بێرنم لە دایکبووی ساڵی 1970یە لە شاری لیڤەرپوول. لە نێوان ساڵانی 2017 تاوەکو 2026 پۆستی سەرۆکی شارەوانیی مانچێستەری گەورەی بەڕێوە بردووە و ناسناوی پاشای باکووری پێ درابوو.

 لە حوزەیرانی 2026دا جارێکی دیکە وەک ئەندامی پەرلەمان بۆ ناوچەی مەیکەرفیڵد هەڵبژێردرایەوە. دوای ئەوەی کییەر ستارمەر لە مانگی حوزەیرانی 2026 دەستی لە کار کێشایەوە، بێرنم بووە بەهێزترین کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی.

بێرنم پاڵپشتیی 379 پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەدەست هێناوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی پارتەکە. پێشتر، لە سەردەمی حکوومەتەکانی تۆنی بلێر و گۆردۆن براون، چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە وەزیری تەندروستی و وەزیری کەلتوور.