سامان عارەب: بەمزووانە کارکردن لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر زنجیرەیەک رێکار و هۆشداریی نوێ بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون رادەگەیەنێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ رێگری لە فێڵکردن، تەنیا لە رێگەی هەژماری بانکیی هاوبەشەوە  بۆ کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون پارە بدەن و گرێبەستەکانیان بە سێ کۆپی لە فەرمانگەی یاسایی وەبەرهێنان پەسند بکەن؛ هاوکات ئاشکرای دەکات، پڕۆژەی "دەشتی بەهەشت" دەدرێتە کۆمپانیای نوێ و لە ماوەیەکی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا کارکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوە. هەروەها پرۆژەی فلۆریا ستیش ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە.

کوردستان24: وەک یەکەم پرسیار؛ کاتێک هاووڵاتییەک دەیەوێت یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەیەک بکڕێت، بۆ ئەوەی پارەکەی نەفەوتێت و لە داهاتوودا کێشەی یاسایی بۆ دروست نەبێت، چی بکات باشە؟

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر: زۆر سوپاس. دیارە بە پێی رێنماییەکانی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنانی پارێزگاکان، ئێمە دوو مەرجی سەرەکیمان داناوە: یەکەم، هیچ گرێبەستێک ئەنجام نەدرێت ئەگەر پێشوەختە لە لایەن ئێمەوە پەسند نەکرابێت. دووەم، پێویستە گرێبەستەکە بە سێ کۆپی بهێنرێتە لای ئێمە و لێرە پەسند بکرێت؛ ئەو کاتەیە کە گرێبەستەکە سیغەیەکی یاسایی وەردەگرێت و دەتوانین لە رێگەیەوە پارێزگاری لە مافی ئەو هاووڵاتییە بکەین.

کوردستان24: واتا هاووڵاتی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ خاوەن پرۆژەکە نەکات؟

سامان عارەب: دەبێت مامەڵەکە دەستەی وەبەرهێنانی تێدا بێت و پێویستە کار بەو درافتە (نموونەی گرێبەستە) بکرێت کە لە لایەن ئێمەوە بۆ وەبەرهێنەران دیاریکراوە و نێردراوە.

کوردستان24: واتە ئەو گرێبەستەی لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە دەیکات، دەبێت بهێنرێتە لای ئێوە؟

سامان عارەب: بەڵێ، دەبێت بە سێ کۆپی بهێنرێت و لە لایەن ئێمەوە پەسند بکرێت؛ کۆپییەکی لای هاووڵاتییەکە دەبێت، یەکێکیان لای ئێمە دەمێنێتەوە و کۆپی سێیەمیش دەدرێتە وەبەرهێنەرەکە.

کوردستان24: ئەگەر هاووڵاتییان ئەم رێکارانەیان جێبەجێ نەکردبێت و تووشی کێشە بووبێتن، دەبێت چی بکەن؟

سامان عارەب: دەتوانن سەردانی ئێمە بکەن و ئێمە لایەنی وەبەرهێنەر ئاگادار دەکەینەوە. بە راستی ئێمە لە زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندنی بینراو، بیستراو و خوێنراوە، بەردەوام هۆشداریمان داوەتە هاووڵاتییان کە بەبێ ئاگاداریی ئێمە گرێبەست نەکەن، چونکە بە داخەوە دەبینین بەشێک لەو گرێبەستانە کێشەدارن، یان بەشێک لە پڕۆژەکان هێشتا مۆڵەتی فەرمیی وەبەرهێنانیان لە لایەن ئێمەوە پێنەدراوە.

کوردستان24: ئایا پڕۆژەی وا هەیە مۆڵەتی وەبەرهێنانی نەبێت؟

سامان عارەب: بەڵێ، پڕۆژە هەیە کە مۆڵەتی فەرمیی لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانییەوە وەرگرتووە و زەوییەکەش موڵکی خاوەن پڕۆژەکەیە، بۆ نموونە لە هەولێر نزیکەی 20 پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەم شێوازە هەن.

کوردستان24: ئایا ئەمە جیاوازە لە کەرتی وەبەرهێنان؟

سامان عارەب: بەڵێ جیاوازە. بەڵام ئەوەی لای ئێمەیە، فەرمانگەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئێمە بە فەرمی پەسندی ئەو گرێبەستانە دەکات، بۆ ئەوەی لە کاتی دووبارەبوونەوەی فرۆشتن یان هەر کێشەیەکی تردا، بتوانین مافەکان بپارێزین.

کوردستان24: چونکە زۆرجار کێشەی وەک ئەوە روودەدات کە یەک خانوو دوو یان سێ خاوەنی هەبێت و بە چەند کەسێک فرۆشرابێت.

سامان عارەب: ئەو حاڵەتانە زیاتر لەو پڕۆژانەدا روودەدەن کە گرێبەستەکانیان نەهێنراوەتە لای ئێمە تاوەکوو پەسندیان بکەین. کاتێک هاووڵاتی دێتە لای ئێمە و پشکنین بۆ دۆسیەکە دەکەین، زۆرجار بۆمان دەردەکەوێت کە ئەسڵەن پڕۆژەکە گەشتیاری یان بازرگانییە و بە ناوی نیشتەجێبوونەوە فرۆشراوە؛ لێرەدا هاووڵاتییەکە خۆیشی بەشێکە لە دروستبوونی کێشەکە، چونکە پێشوەختە پرسیاری نەکردووە.

کوردستان24: باشە کاتێک فێڵ لە هاووڵاتی دەکریت، ئایا رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو وەبەرهێنەرانە دەگیرێتەبەر؟

سامان عارەب: بێگومان، ئێمە لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی وەبەرهێنان ناوی تەواوی پڕۆژە رێگەپێدراوەکانمان بڵاوکردووەتەوە و دیاریمان کردووە کام پڕۆژە گەشتیارییە و کامەشیان نیشتەجێبوونە. پێویستە هاووڵاتی پێش کڕین سەردانی ماڵپەڕەکە بکات. ناکرێت هاووڵاتییەک بچێت شوقەیەک لە پڕۆژەیەکی گەشتیاری بکڕێت و دواتریش داوای تاپۆکردنی بکات، چونکە لە رووی یاساییەوە پڕۆژەی گەشتیاری تاپۆ ناکرێت.

کوردستان24: ئەی بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کێشەی هاوشێوە هەیە؟

سامان عارەب: لە رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر چەند پڕۆژەیەک کێشەی هاوشێوەیان تێکەوت، بەڵام ئێستا تەنیا پڕۆژەی 'دەشتی بەهەشت' ماوە. ئێمە لە رێگەی لیژنەیەکی باڵاوە کە داواکاری گشتی تێیدا ئەندامە و چاودێری دەکات، پێداچوونەوەی وردمان بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی دەشتی بەهەشت کردووەتەوە. بینیمان بەشێک لە گرێبەستەکان دووبارەن یان ساختەکراون (تەزویرن)، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی کە خاوەنی راستەقینەن، پسوولەی فەرمیی پارەدانیان هەیە و ناویان لە داتابەیسی ئێمەدا تۆمارە، مافەکانیان پارێزراوە و گرێبەستەکانیان پەسند کراون.

کوردستان24: کێشەی سەیر هەیە؛ بۆ نموونە کەسێک پێی گوتم کە شوقەیەکی لە تابقی 12 یان 13ـی باڵەخانەیەک کڕیوە، بەڵام کاتێک چووەتە شوێنی پڕۆژەکە، بینیویەتی باڵەخانەکە تەنیا تاوەکوو تابقی 8 یان 10 دروست کراوە، واتە شوقەکەی ئەو تەنیا لەسەر کاغەزە و لە هەوادایە!

سامان عارەب: بێگومان بەشێک لە پڕۆژەکان لە کاتی کارکردندا داوای زیادکردنی نهۆم (تابق) دەکەن، ئەمەش لە رووی یاسایی و تەکنیکییەوە پێویستی بە رەزامەندیی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. کاتێک رەزامەندی دەدرێت، نەخشەکە دەگۆڕێت و پێویستە گرێبەستی کڕیارەکەش هەموار بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر وەبەرهێنەرێک شوقەیەکی فرۆشتبێت کە ئەسڵەن لەسەر نەخشەی بنەڕەتی یان هەموارکراوی پڕۆژەکە بوونی نەبێت، ئەوە پێی دەوترێت فێڵکردن و بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بە تاوان دادەنرێت و سزای توندی یاسایی لەسەرە.

کوردستان24: زۆر باشە، کەواتە با ئەمە بۆ هاووڵاتییان روون بێت؛ هەر کەسێک ویستی خانوو یان شوقە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا بکڕێت، یەکەم هەنگاو دەبێت دەستەی وەبەرهێنانی لێ ئاگادار بکاتەوە تا لە داهاتوودا بتوانن پارێزگاری لە مافەکانی بکەن. بەبێ ئاگاداریی دەستەی وەبەرهێنان، ڕاستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ هیچ خاوەن پڕۆژەیەکدا نەکەن.

کوردستان24: باشە کاک سامان، کێشەی پڕۆژە وەستاوەکانی وەک 'فلۆریا ستی' و 'دەشتی بەهەشت' بە کوێ گەیشت؟

سامان عارەب: پڕۆژەی 'فلۆریا ستی' دەستی بە کارکردن کردووەتەوە. مۆڵەتەکە لە وەبەرهێنەری پێشوو وەرگیرایەوە و دراوە بە وەبەرهێنەرێکی نوێ کە ئێستا پابەندکراوە بە تەواوکردنی پڕۆژەکە و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییانی پڕۆژەکە.

کوردستان24: چونکە چەند رۆژێک لەمەوبەر هاووڵاتییەک پێی گوتم کە شوقەیەکی لە فلۆریا کڕیوە و پڕۆژەکە تەواو نەکراوە، کاتێکیش چووەتە لای وەبەرهێنەرە نوێیەکە پێیان گوتووە ئەو شوقەیەی ئێستا تەواو کراوە عایدی تۆ نییە. ئایا وەبەرهێنەرە نوێیەکە پابەندە بە تەواوکردنی شوقەی سەرجەم کڕیارە کۆنەکان؟

سامان عارەب: وەبەرهێنەرە نوێیەکە پابەندە بەپێی ئەو داتایەی کە لە لایەن ئێمەوە پێی دراوە. سەرجەم کڕیارە کۆنەکان، چ ئەوانەی بەڵێندەر بوون، چ ئەوانەی کڕیار بوون، یان تەنانەت ئەوانەی قەرزی تریان لەسەر پڕۆژەکە هەبووە، مافەکانیان لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و پارێزراون. کارکردن لە پڕۆژەی فلۆریا بە فەرمی بەردەوامە و ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێکردنی دەکەین.

کوردستان24: ئایا پرۆژەی فلۆریا تەواو دەکرێت؟

سامان عارەب: بە پێی دوایین بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان بەڵی بێگومان پرۆژەکە تەواو دەکرێت و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

کوردستان24: ئەی چارەنووسی پڕۆژەی 'دەشتی بەهەشت' چی بەسەر دێت؟

سامان عارەب: لە پڕۆژەی دەشتی بەهەشتیشدا لە لایەن لیژنەیەکی بڵاوە سەرجەم رێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان گیراوەتەبەر. ئێستا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەستەی وەبەرهێنان دەکەین بۆ دیاریکردنی وەبەرهێنەرێک. هەروەها سێ وەبەرهێنەری نوێ هاتوونەتە پێشەوە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زیانمەند و تەواوکردنی پڕۆژەکە. ئێمە داوای هەر سێ وەبەرهێنەرەکانمان قبووڵ کردووە، ئێستا تەنیا ئەو پرۆسەیە ماوە کە بزانین کام لەو وبەرهێنەرانە زۆرترین سوود بە خاوەن موڵکەکان دەگەیەنێت، تا هەڵیبژێرین و دەست بە کارەکانی بکات.

کوردستان24: ئایا پڕۆژەکە دەدرێتە یەک وەبەرهێنەر یان زیاتر؟

سامان عارەب: پڕۆژەکە بە تەواوی دەدرێتە یەک وەبەرهێنەر بۆ ئەوەی سەرپەرشتی بکات، بەڵام بڕیاردان لەسەری پێویستی بە هەڵسەنگاندنی کۆتایی هەیە.

کوردستان24: ئەگەر بمانەوێت هەواڵێکی خۆش بدەینە کڕیارانی دەشتی بەهەشت، کەی بە نزیکەیی کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستپێدەکاتەوە؟

سامان عارەب: لە رووی یاسایی، تەکنیکی و پێداچوونەوەی گرێبەستەکانەوە کارەکان تەواو بوون. هەروەها بەشێک لەو رێکارانە گیراونەتەبەر دەرهەق بە وەبەرهێنەری پێشوو کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا، بڵێین کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستپێبکاتەوە.

کوردستان24: ئایا پڕۆژەکانی تریش کە کێشەیان تێکەوتووە بە هەمان شێواز چارەسەر دەکرێن؟

سامان عارەب: بەڵێ، سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەدرێنەوە بە کۆمپانیای دیکە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن؛ وەک پڕۆژەی 'وەرین ستی' و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدان. بە داخەوە بەشێک لە کێشەکان بەهۆی کڕیارەکان خۆیانەوە بووە، چونکە کاتێک چوونەتە ناو گرێبەست، پرسیاریان نەکردووە ئایا پڕۆژەکە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەیە یان بازرگانییە. پڕۆژە هەبووە بازرگانی بووە بەڵام بە ناوی نیشتەجێبوونەوە پێیان فرۆشراوە؛ بەڵام ئێمە رێکاری یاساییمان گرتووەتەبەر و وەبەرهێنەرەکەمان رووبەڕووی دادگا کردووەتەوە، هاوکات رەزامەندیشمان وەرگرتووە بۆ گۆڕینی سێکتەری پڕۆژەکە بۆ نیشتەجێبوون تا کێشەی هاووڵاتییان چارەسەر بێت.

کوردستان24: پێشتر بڕیارێک هەبوو کە دەبێت هاووڵاتییان پارەی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون نەدەنە دەست وەبەرهێنەر، بەڵکو لە هەژمارێکی بانکیی تایبەتدا دابنرێت بۆ ئەوەی پارەکە نەفەوتێت. ئەم بڕیارە گەیشتە کوێ؟

سامان عارەب: بەڵێ، ئێمە نامەی فەرمیمان ئاڕاستەی سەرجەم پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کردووە کە پێویستە ژمارەی هەژماری بانکیی تایبەت (بکەنەوە، کە ئەم هەژمارە هاوبەش دەبێت لە نێوان وەبەرهێنەر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان. لێرەدا وەبەرهێنەر ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک لە بانکەکە رابکێشێت بۆ خەرجکردن، ئەگەر رەزامەندیی فەرمیی ئێمەی لەسەر نەبێت.

کوردستان24: ئایا ئەم بڕیارە بە تەواوی جێبەجێ کراوە؟

سامان عارەب: بەشێک لە پڕۆژەکان ئەم هەژمارە بانکییەیان کردووەتەوە، بەڵام کێشەکە لای هاووڵاتییان خۆیانە؛ کاتێک هاووڵاتی دەچێتە لای کۆمپانیا، وەبەرهێنەرەکە پێشنیازێکی سەرنجڕاکێشی دەخاتە بەردەم و پێی دەڵێت: 'ئەگەر 80%ـی پارەکە بە کاش بدەیت، ئەوا دەتوانین گرێبەستت بۆ بکەین، ئەگەرنا دەبێت %100ـی پارەکە لە هەژماری بانای دابنێی' بەشێک لە هاووڵاتییان بە داخەوە وا تێدەگەن کە ئەو پارەیە زیادەیە بۆیان دەگەڕێتەوە، بەڵام نازانن ئەو پارەیە فێڵێکە کە لێیان دەکرێت بۆیە جارێکی تر داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە هیچ شێوەیەک لە هیچ پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون پارە نەدەنە دەست کۆمپانیاکان و با پارەکە لەسەر هەژماری بانکی دابنێن بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لێ بکەین، ئەگەر کۆمپانیایەکیش رەتی کردەوە، با هاووڵاتییەکە ئێمە ئاگادار بکەنەوە.

کوردستان24: ئەی ئەگەر ئەو پرۆژەیە هەژماری بانکی نەبوو؟

سامان عارەب: هەموو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای هەولێر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و نووسراویان بۆ کراوە.

کوردستان24: بابەتێکی تری گرنگ هەیە لەسەر رووبەری شوقەکان؛ بۆ نموونە هاووڵاتی هەیە شوقەیەکی بە رووبەری 110 مەتر کڕیوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ناو شوقەکە دەبینێت رووبەرەکەی تەنیا 90 مەترە! ئەو 20 مەترەی تر بۆ کوێ چوو؟

سامان عارەب: رووبەری شوقە لەسەر نەخشەی پەسندکراو بە دوو شێوە تۆمار دەکرێت: نێت (Net) کە رووبەری ناوەوەی شوقەکەیە، لەگەڵ گرۆس (Gross) کە رووبەری شوقەکە لەگەڵ بەشێک لە دیواری هاوبەش، باڵکۆن، مەسعەد، رێڕەو و تەنانەت پارکینی هاوبەش دەگرێتەوە. کاتێک کڕیار گرێبەستەکە واژۆ دەکات، بەم مەرجانە رازی دەبێت، بۆیە پێویستە پێش واژۆکردن بێتە لای ئێمە بۆ ئەوەی بزانێت رووبەری نێتی شوقەکە چەندە و گرۆسەکەی چەندە. ئەگەر فێڵ کرابوو، دەتوانن لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن.

کوردستان24: دێینە سەر پرسی پارەی خزمەتگوزارییەکان (خدمات)؛ بۆچی ئەم نرخە لە پڕۆژەیەک بۆ پڕۆژەیەکی تر زۆر جیاوازە؟ بۆ نموونە پڕۆژە هەیە مانگانە 25 هەزار دینارە، هەیە 50 هەزار، 70 هەزار، 80 هەزار و تەنانەت  100هەزار دیناریش هەیە؟

سامان عارەب: نرخەکە بەپێی نەخشە و سایدپلانی پڕۆژەکان دیاریی دەکرێت؛ رێژەی سەوزایی، ژمارەی پاسەوانەکان (سکوێریتی)، پاککردنەوە، ئاوەڕۆ و جادەکان، سیستمەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەی هاوبەش کاریگەرییان هەیە. نرخەکە لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەشی فەرمی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریی دەکرێت بە راوێژ لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان. بۆ نموونە کاتێک پڕۆژەیەک رێژەی سەوزاییەکەی 35% بێت، خەرجیی پاراستن و ئاودانی زۆر زیاترە لە پڕۆژەیەک کە رێژەی سەوزاییەکەی کەمتر بێت؛ هاووڵاتی خۆیشی دەتوانێت لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی ئێمەوە نرخە ڕێگەپێدراوەکانی هەر پڕۆژەیەک بزانێت.

کوردستان24: ئەگەر وەبەرهێنەرێک پابەند نەبوو بەو نرخەی خزمەتگوزارییەی بۆی دیاریکراوە و نرخەکەی زیاتر کرد؟

سامان عارەب: ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمان هەیە لە پارێزگای هەولێر کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی هاووڵاتییان دەکات. لە کاتی سەرپێچیکردنی وەبەرهێنەر، سەرەتا ئاگاداری دەکرێتەوە کە بڕە پارە زیادەکە بگەڕێنێتەوە بۆ هاووڵاتییان یان لە مانگی داهاتوو بۆیان کەم بکاتەوە، هاوکات بڕی 5 ملیۆن دیناریش غەرامە دەکرێت. ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچی، لە رێگەی پارێزگاوە کارەکە بە شێوازی تەندەرین دەدرێتە کۆمپانیایەکی دیکەی پسپۆڕ و ئەو وەبەرهێنەرە لە سەرپەرشتیکردنی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.

کوردستان24: ئەی پرۆژە چینییەکە چی لێ هات؟

سامان عارەب: پرۆژەکە مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و زەوی پێویستی بۆ دیاریی کراوە، لە قۆناخی راییکردندایە، ئومێد دەکەین ئەویش بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی بدرێت

کوردستان24: سوپاس بۆ کاک سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر کە لەگەڵمان بوو و زانیاری بەنرخی پێشکەش کردین.

سامان عارەب: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و دەرفەتەکەتان.