باسم محەمەد: نامانەوێت بۆ هەناردەکردنی نەوت تەنیا پشت بە گەرووی هورمز ببەستین

باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق
باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، کار بۆ فراوانکردنی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت دەکەین لە دەرەوەی گەرووی هورمز، ئەمەش لە رێگەی کاراکردنەوەی بەندەری جیهان و لێکۆڵینەوە لە بەندەری بانیاس.

شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە واشنتن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند: "سووتاندنی گازی هاوەڵ تا کۆتایی ساڵی 2028 و سەرەتایی ساڵی 2029 بە تەواوی کۆتایی پێ دێت".

هاوکات باسی لەوە کرد، کە "پڕۆژەی گرنگ و بەردەوام لە کێڵگە سەرەکییەکانی گازی وەک مەنسورییە، عوکاز و کێڵگەکانی دیکەدا هەن کە بە شێوەی هاوتەریب پێکەوە کار دەکەن".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم پڕۆژانە لە دەرئەنجامدا ئامانجیان دابینکردنی بڕی پێویستی گازی ناوخۆییە، تاوەکوو دەگەینە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی هاوردەکردنی گاز بە تەواوی و بەدیهێنانی خۆبژێوی".

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزیری نەوت جەختی کردەوە، کە "وەزارەت خاوەنی دیدگا و ستراتیژییەکی روونە کە پشت بە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەبەستێت، نەک تەنیا بەستنەوە یان پشتپەستنی تەواوەتی بە گەرووی هورمز".

هەروەها گوتی: "وەزارەت ئێستا بیر چۆنیەتی دروستکردنی بۆرییەکی ستراتیژی دەکاتەوە کە لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەندەری جیهان درێژ دەبێتەوە". دەشڵێت:"پڕۆژەکە لێکۆڵینەوە لە درێژکردنەوەی لقێکی ئەم بۆرییە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا لەخۆدەگرێت".