یەکێتیی ئەوروپا و کەنداو: سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە دەکەین
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، لە میانەی کۆڕبەندی باڵای ئاسایش و هاوکاریی ناوچەیی لە برۆکسل، یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان کرد گەرووی هورمز بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بەبێ هیچ مەرج و تێچوویەکی دارایی بەڕووی کەشتیوانیدا واڵا بکرێت. هەردوولا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و خاکی وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختیان کردەوە کە ئازادیی دەریاوانی مافێکی پارێزراوی نێودەوڵەتییە.
راگەیەندراوەکە کە لەلایەن کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و نوێنەری باڵای یەکێتییەکە و عەبدوللەتیف زەیانی، سەرۆکی خولی ئێستای ئەنجوومەنی وەزیرانی کەنداو و وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی جیهانییە و بەپێی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، نابێت هیچ جۆرە رێگری و ئاستەنگێکی بۆ دروست بکرێت.
هەردوو لایەنی ئەوروپی و عەرەبی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون و بوونەتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی خاکی هەریەک لە بەحرەین، کوێت، ئیمارات، قەتەر، عومان و ئوردن. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە ژیانی دەریایی و مەدەنییەکانی خستووەتە مەترسییەوە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو بە راشکاوی رایانگەیاند، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ سەپاندنی سەروەری و کۆنترۆڵ بەسەر گەرووی هورمزدا لەلایەن هەر وڵاتێکەوە بێت، نایاساییە. هەروەها دژایەتیی خۆیان بۆ سەپاندنی هەر جۆرە "سیستەمێکی مۆڵەت وەرگرتن یان باجی تێپەڕبوون" دەربڕی. ئاماژە بەوەش کرا کە هیچ جۆرە لێکتێگەیشتنێکی دووقۆڵی وەک ئاماژەیەک بۆ یاداشتی نێوان واشنتن و تاران ناتوانێت مافی تێپەڕبوونی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا سنووردار بکات.
هەروەها داوایان لە تاران کرد دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو جۆرە دەستوەردان و هێرشێک لە دەریا رابگرێت. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان کرا دان بەخۆیاندا بگرن و پەنا بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی ببەن وەک تەنیا رێگەچارە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.