یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان ناتوانن خواردنی تەندروست بکڕن

تێچووی سیستەمی خۆراکی تەندروست لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە رێژەی 25% زیادی کردووە. بەپێی راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 2.69 ملیار کەس لە جیهاندا بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە توانای دابینکردنی ژەمی تەندروستیان نییە.

رێکخراوی فاو (FAO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتی "ئاسایشی خۆراک و خۆراکی جیهان بۆ ساڵی 2026" ئاشکرای کرد، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکانی خۆراک وای کردووە تێچووی رۆژانەی خۆراکی تەندروست بۆ هەر کەسێک بە تێکڕا بگاتە 4.28 دۆلار.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی رێکخراوی فاو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند: "بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانە، ئێستا 2.69 ملیار کەس، واتە نزیکەی یەک کەس لە هەر 3 کەس لە جیهاندا، ناتوانن تێچووی سیستەمێکی خۆراکی تەندروست دابین بکەن."

بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، تێچووی خۆراکە سەرەکییەکان وەک پاقلەمەنی و دانەوێڵە 13%ی تێچووی سیستەمە تەندروستەکە پێکدەهێنن، لە کاتێکدا بەرهەمە ئاژەڵییەکان نزیکەی 30% و میوە و سەوزە 16%ی تێچووەکە دەگرنەوە.

تۆرێرۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئاستەنگیی سەرەکی تەنیا بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی کالۆری نییە، بەڵکو گەیاندنی ئەو خۆراکانەیە کە دەوڵەمەندن بە توخمە خۆراکییەکان بە نرخێکی گونجاو. ئەو پسپۆڕە روونی کردەوە کە پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخەکان؛ بۆ نموونە لە ئەفریقا ئەگەر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت، تێچووەکە بە رێژەی 80% کەمدەبێتەوە.

گەورە ئابووریناسەکەی فاو پێشنیازی کرد حکوومەتەکان پاڵپشتییە داراییەکانیان لە دانەوێڵەکانی وەک برنج و گەنمەوە، بۆ ئەو خۆراکانە بگوازنەوە کە لە رووی بەهای خۆراکییەوە دەوڵەمەندترن. هەروەها جەختی کردەوە کە 70% بۆ 75%ی تێچووی خۆراکی تەندروست لە دوای دەرچوونی بەرهەمەکە لە کێڵگەکان دروست دەبێت، بۆیە پێویستە وەبەرهێنان لە ژێرخانی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکاندا بکرێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ناوچەی ئەمریکای لاتین و دەریای کارایبی بە گرانترین ناوچەی جیهان بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست دادەنرێن. سەبارەت بە ساڵی داهاتووش، تۆرێرۆ هۆشداری دا لە دوو فاکتەری مەترسیدار کە کاریگەرییان لەسەر نرخەکان دەبێت، ئەوانیش: ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەیشتنی پەین و دەرمانی کشتوکاڵی لە جیهاندا، لەگەڵ کاریگەرییەکانی دیاردەی "ئێل نینۆ"ی کەشوهەوا کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە لووتکە.