سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کرا

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراک لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "پسوولەی ئەلیکترۆنی"یەوە کاراکراون، ئەم هەنگاوەش رێگە خۆش دەکات بۆ هاووڵاتییان کە بە ئاسانی و بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت بێت.

وەزارەتی بازرگانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوایین خزمەتگوزاری کە راگەیەندرا، خزمەتگوزاریی گواستنەوە بوو، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزاریی پەیوەست بە سیستەمەکەوە، کارکردنی خزمەتگوزارییەکە بە شێوەیەکی کاتی وەستابوو.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەشە پەیوەندارەکانی وەزارەت هەر لە سەرەتاوە رێوشوێنی پێویستیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە گرتووەتەبەر، بەوەش خزمەتگوزارییەکە گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و لە ئیستا کارایە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیژنەیەکی وەزاریی تایبەتمەند پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارانەی لە هەندێک لە هاووڵاتییان بڕدراون بەهۆی سەرنەکەوتنی پرۆسەکانی پێدانی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی، ئەوەش بەهۆی گوشارێکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکانی پێدانی ئەلیکترۆنیی دەرکەری کارتەکان و لەخۆنەگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی داواکارییەکان، بە جۆرێک کە مافی هاووڵاتییان بپارێزرێت و بڕە پارە شایستەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

هەروەها وەزارەتی بازرگانی پابەندبوونی خۆی بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی و بەردەوامبوون لە گەشەپێدانیان دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی ئاسانکاریی زیاتر لە بەڕێوەچوونی مامەڵەکان و بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن.