ئیسماعیل بەقایی: بۆ وەستاندنی ئەمریکا سڵ لە هیچ شتێک ناکەینەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە چەند پێشنیازێکیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێگەیشتووە و دەڵێت "هاوتەریب لەگەڵ کردە سەربازییەکاندا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ هەنگاوێک بۆ وەستاندنی تاوانەکانی ئەمریکا بەخشندە نابێت.
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا گوتی "لە دەقی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی واژۆکراوە، هیچ ناڕوونییەک نییە تا ئەمریکا پاساو بۆ پێشێلکردنی یاداشتنامەکە بهێنێتەوە.
گوتیشی: دەقەکە بەتەواوی روونە و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی ئەمریکا رێککەوتنەکە بشکێنێت، هەروەک چۆن پێشتر لە هیچ شوێنێکدا نەمانبینیوە لایەنی ئەمریکی رایگەیاندبێت کە بە هۆی هەڵەیەک یان جیاوازی لە لێکدانەوەی دەقەکەدا هێرشەکانی دژی ئێران دەستپێکردووەتەوە، بۆیە بانگەشە بۆ هەر پاساوێكی هێرشەکانی ئەمریکا هیچ بنەمایەکی راستیان نییە.
بەقایی دەڵێت "وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵی رێگری لە زیاتر پەرەسەندنی گرژیەکان دەدەن، بەڵام ئێران لە هیچ هەنگاوێک بۆ راگرتنی تاوانەکانی ئەمریکا سڵ ناکاتەوە، هەربۆیە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێز و توانایەکەوە وەڵام دەدەنەوە و سەرچاوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا لەناو دەبەن، هاوکات لایەنی دیپلۆماسیش بە باشی ئەرکەکانی خۆی دەزانێت و لەگەڵ بەرگریی لە نیشتمانی ئەرکەکانی دانوستان بەڕێوە دەبەن.