وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەچێتە پاکستان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان رایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. ئەم سەردانەش لە کاتێکدایە کە ماوەی 9 رۆژە گرژی و پێكدادانی سەربازی لە نێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامە.
سەرچاوەکە بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، وەزیری ناوخۆی ئێران پەیامێکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە تایبەتە بە دۆخی ئێستا لەگەڵ خۆیدا دەبات؛ لە هەمان کاتدا پاکستان هێشتا بەردەوامە لە گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەتایبەت دوای هەڵوەشانەوەی یاداشتی لێکگەیشتن کە لە حوزەیرانی رابردوودا واژۆ کرابوو.
ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سیاسی و مەیدانییە خێراکان. لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن هێشتا دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا واڵا کردووە، روبیۆ رایگەیاندووە "ئەگەر ئەو ئێرانیانەی کە خوازیاری دانوستانن کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، ئەوا پێشهاتێکی ئەرێنی دەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووی نەداوە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، نێوەندگیرەکان لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان بەردەوامن، ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین پێشنیازیان پێگەیشتووە بەڵام رەتیکردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانیانەوە.
ماوەی نۆ رۆژە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستیپێکردووەتەوە و دەیان ئامانجی بۆردومان کردووە، هەروەها ئێرانیش بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی، ئوردن، بەحرەین و کوەیت و عێراق دەکاتە ئامانج.