سەندیکای گواستنەوە: دابەزینی نرخی بەنزین بارگرانیی سەر شانی شۆفێران سووک دەکات
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین چووە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوکات سەندیکای گواستنەوەی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەم بڕیارە دڵخۆشییەکی گەورەی لای شۆفێران دروستکردووە و تێچوویەکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەمموزی 2026، سەید زەکەریا عەزیز، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای هەولێر، دەربارەی فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: یەکێکە لە بڕیارە هەر باشەکان و بووە هۆی دڵخۆشی شۆفێرانی تەکسی و پاسەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییان.
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن گوتی: بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەرجییەکی زۆر بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، چونکە رۆژانە سەرەڕای کاری زۆر بەڵام شۆفێرانی تەکسی پارەیەکی زۆریان لە دابینکردنی بەنزین خەرج دەکرێت، "سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، بۆ شۆفێرێکی تەکسی ئەگەر لەناو هەولێر کاربکات بە دڵنییایەوە رۆژانە 10هەزار دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە ئەمە جیا لە شۆفێرانی هێلەکانی گواستنەوە لە دەرەوەی هەولێر کاردەکەن".
سەید زەکەریا عەزیز باس لەوە دەکات، بە بەردەوامی چاودێری نرخی گواستنەوەی هاووڵاتییان دەکەین، هەر شۆفێرێک لە نرخی زیادیکراوی خۆی لە هاووڵاتییەک وەربگرێت رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە، لە هەولێر نرخی گواستنەوەی هاووڵاتییان بە تەکسی و پاس زۆر جێگیرە و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە.
سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن هاوکات ئاشکرای دەکات، لەم چەند رۆژانە سەدان پەیوەندی تەلەفۆنی لەلایەن شۆفێرانی تەکسی و پاسەوە بۆ هاتووە بۆ ئەوەی هەوڵێک بدرێت بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، ئەمەش هۆکاربوو بۆ گەیاندنی دەنگ و گازندەیان بە لایەنی پەیوەندیدار و ئەمڕۆکەش ئەم بڕیارە درا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت بەنزینی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت.
لە نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، بڕیارێکی نوێ لەبارەی دیاریکردنی نرخی بەنزینی کوالیتی (نۆرماڵ) دەرکرا.
لەلایەکی دیکەوە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و پارێزگارەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێری بازاڕ و رێگری لەوانەی قۆرخکاریی ئەم دۆخە دەکەن و هەرکەس پابەند نەبێت رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.