ئەمریکا هۆشدارییەکی جیهانیی بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی دەرکرد
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی هاووڵاتیانی لە سەرتاسەری جیهان دەکات و پێیان دەڵێت؛ لە هەر شوێن و سوچێکی جیهانن، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران، هۆشیاربن.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "بەهۆی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و لە ئاستی جیهاندا ئەگەری روودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی هەیە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئاستی جیهاندا، مەترسییەکان لەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئەو شوێنانەی کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن و هاووڵاتیانی ئەمریکییەوە زیادیان کردووە، بۆیە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکات رێکاری توندیی خۆپارێزی بگرنەبەر و لە شوێنە قەرباڵغەکان دوور بکەونەوە.
ئەم هۆشدارییەی واشنتن لە کاتێکدایە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ دژی ئێران گەیشتووەتەوە ترۆپک و وڵاتانی ناوچەکەش لە پریشکی ئاگری جەنگەکە بەدوور نین.
ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، چەند رۆژی رابردوو، هاووڵاتیان لە قەدەخەی گەشت بۆ ئیسرائیل ئاگادارکردبووە، هەروەها لە یەک هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، زیان بە چەند ناوچەیەکی کوەیت، بەحرەین و ئوردن کەوتووە و سەربازی ئەمریکاش کوژراون.