سامان بەرزنجی: لە ساڵی 2025دا 28 ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کراوە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین ئامارەکانی بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی شێرپەنجە رایگەیاند، تەنیا بۆ ساڵی 2025 بڕی 25 ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و 3 ملیار دیناریش بۆ ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کراوە.
رۆژی سێشەممە، 21ی تەممووزی 2026، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لێرەین بۆ بەدواداچوونی رەوشی دەرمان، ئامێر و پێداویستییە رۆژانەکان، کە جێگەی دەستخۆشییە هەم بۆ سندوقی کۆمەک و هەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە وردەکارییە داراییەکان کرد و گوتی: "بۆ ساڵی 2025، تەنیا بۆ دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا بڕی 25 ملیار دینار و بۆ ئامێری پزیشکی بڕی زیاتر لە 3 ملیار دینار دابین کراوە. هەروەها لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، نزیکەی 12 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان خەرج کراوە."
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد کە بەرنامەیان هەیە پەرەی زیاتر بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بدەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشان. هەروەها باسی لە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کرد بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پیسی نێو نەخۆشخانەکان و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە چونکە ئاوی نەخۆشخانە جیاوازە لە ئاوی ماڵان، بۆیە لەگەڵ رێکخراوی یونسێف وەک پڕۆژەیەکی سەرەکی کارمان لەسەر کردووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی سوپاسی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد و رایگەیاند: "رێکخراوی مەلیک سەلمان بە بڕی نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە." جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەمووان پاڵپشتی دەروونی و ماددی نەخۆشانی شێرپەنجە بن.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە لەگەڵ دەستپێکی کابینەی نۆیەم، بودجەیەکی تایبەت و فراوانی بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە و دابینکردنی دەرمان تەرخان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی داوە لەسەر دروستکردنی نەخۆشخانە لە قەزا، ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان. هاوکات باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، تاوتوێی بەهێزکردنی پاڵپشتییەکانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا کردووە.