کوردستان24 وەک نوێنەری کوردستان لە خولێکی میدیایی چین بەشدارە
پەکین میوانداریی خولێکی پێشکەوتووی میدیایی بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیاڵ میدیا، هاوکات کوردستان24 وەک تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشدارە.
لە پەکینی پایتەختی چین، خولێکی راهێنان بۆ میدیاکاران دەستی پێکرد. رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە چینەوە رایگەیاند، خولەکە زۆر پێشکەوتووە و ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکارانی وڵاتانی ناوچەکە تێیدا بەشدارن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کوردستان24 وەک تاکە دەزگای راگەیاندنی کوردی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارە و بۆ یەکەم جارە ئاڵای کوردستان لە خولێکی لەم شێوەیەدا دادەنرێت.
سەبارەت بە وڵاتە بەشداربووەکان، پەیامنێرەکەی کوردستان24 روونی کردەوە رۆژنامەنووسان لە چەندین وڵاتی وەک بەحرەین، ئیمارات، کوەیت، سعوودیە، قەتەر، لوبنان، فەڵەستین و سووریاوە هاتوونەتە پەکین. ئەوانە کەسانی شارەزان و لەسەر ئاستی جیهانی کار دەکەن.
خولەکە لە رۆژی یەکەمدا تەرخان کرا بۆ ناساندنی پێشکەوتنەکانی چین لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا، پیشەسازی و کشتوکاڵ. بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی مەیدانی بۆ شوێنە جیاوازەکان رێکبخرێت.
رێناس عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، تەوەرێکی سەرەکیی راهێنانەکە باسکردنە لە میدیای ئەلیکترۆنی و کورتە ڤیدیۆ، هەروەها چۆنیەتیی مامەڵەکردنی پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک لەگەڵ جەماوەردا. یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان، شیکردنەوەی چۆنیەتیی پەیداکردنی داهاتە لە رێگەی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانەوە.
خولەکە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چین و پرۆژەی "پشتێنە و رێگە"ـەیە. ساڵانە میوانداریی سەدان رۆژنامەنووس و میدیاکار لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەکات.
ئامانجی ئەم جۆرە خولانە، جگە لە گواستنەوەی ئەزموونی تەکنەلۆجی و میدیایی پەکین، پیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنییە لەسەر گەشەسەندنە ئابووری و پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتە.