مونا قەهوەچی: گەلی کوردستان چیتر پاساو بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان قبووڵ ناکات
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، جەخت لەوە دەکاتەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، تەنیا داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی جێگیری سیاسی، گەشەپێدانی ئابووری و چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان.
سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ماوەیەکی درێژ لە چاوەڕوانی و دواخستنی بڕیارە گرنگە سیاسییەکان، گەلی کوردستان لەمە زیاتر پاساو بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەڵناگرێت.
هاوکات دەڵێت: هاووڵاتییان بە مافی خۆیان چاوەڕوانی ئەوەن کە دامەزراوە دەستوورییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەجێ بهێنن و وەڵامی پێویستییەکانی قۆناخی ئێستا بدەنەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دووپاتی کردەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، تەنیا داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی جێگیری سیاسی، گەشەپێدانی ئابووری و چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان، هەر دواکەوتنێکی دیکە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان و پرۆسەی دیموکراسی جێدەهێڵێت.
قەهوەچی، باسی لەوە کرد، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی بەرپرسیاریی نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستاندا، هەنگاوی خێرا و جیددی بنێن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکوومەتێکی نوێ کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ئاوات و داواکارییە رەواکانی هاووڵاتیاین بێت.
مونا قەهوەچی، ئاشکرای کرد، گەلی کوردستان، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆر قوربانی و تەنگانەی بەرگە گرتووە، شایستەی ئەوەیە دامەزراوە دەستوورییەکان بە خێرایی و بەرپرسیارییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و سەرنجیان بۆ چارەکردنی گرفت و پێویستییەکانی خەڵک بێت.
ئەوەشی خستە روو، بەرژەوەندیی گشتی دەخوازێت کە قۆناخی چاوەڕوانی کۆتایی پێبێت و هەموو هێزە سیاسییەکان بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن.