گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایی بوونەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: دوای راگرتنێکی کاتیی یەک کاتژمێریی گەشتە ئاسمانییەکان، کایەی ئاسمانیی پایتەخت ئێستا بە رووی سەرجەم گەشتەکاندا کراوەتەوە و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.

سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئاسمانی پایتەخت بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک گەشتەکان بە شێوەیەکی کاتی راگیرابوون.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، کە پێش چەند کاتژمێرێک، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر چالاک کرا و توانرا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تێکبشکێنرێن و بخرێنە خوارەوە.

ئەم لێدوانە دڵنیاکەرەوەیەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دوای ئەوە هات کە تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسمانی پایتەخت ببووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە لایەن هاووڵاتییان و گەشتیارانەوە سەبارەت بە ئەگەری راگرتنی درێژخایەنی جموجۆڵەکانی فڕۆکەخانە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر لە رێگەی کوردستان24ــەوە پەیامێکی ئاڕاستەی گەشتیاران و هاووڵاتییان کرد و دووپاتی کردەوە، پڕۆسەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان بە پێی خشتەی دیاریکراوی خۆیان بەڕێوەدەچن و کایەی ئاسمانیی پایتەخت پارێزراو و ئاساییە.