پێنتاگۆن: تێچووی شەڕی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 37 ملیار دۆلار
پێنتاگۆن داوای بودجەی 1.5 ترلیۆن دۆلاری لە کۆنگرێس کرد بۆ بەهێزکردنەوەی سوپا
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرێس رایگەیاند، ئێران لە لاوازترین پێگەی سەربازیی خۆیدایە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا و زۆربەی توانای مووشەکیی تاران تێکشکێنراوە؛ ئاشکراشی کرد تێچووی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار؛ هاوکات سوپاسالاری ئەمریکاش داوای بودجەی 1.5 ترلیۆن دۆلاری لە کۆنگرێس کرد بۆ شوێنگرتنەوەی تەقەمەنییەکان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە تەکنۆلۆژییە نوێیەکان لە جیهاندا.
سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بەردەم لێژنەی چەکداری کۆنگرێسدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا لە لاوازترین پێگەی سەربازیی خۆیدایە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، و بگرە لە ماوەی 47 ساڵی رابردووشدا کە تێیدا خەریکی کۆکردنەوەی سوپا بووە.
هێگسێت گوتیشی: "ئەو سوپایە بۆ ئەوە دروستکرابوو تا هێز یان توانایەکی سەربازیی باو و بەهێز بەدەستبهێنێت بۆ بەرگری لە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی، کە بریتی بوو لە هەزاران مووشەکی بالیستی، بەڵام ئێمە زۆربەی ئەو مووشەکانەمان تێکشکاندووە. ئەوەشی کە ماوەتەوە، لە ناو بارەگا و کۆگا ژێرزەمینییەکاندا شاردوویانەتەوە.
وەزیری جەنگ دانی بەوەدا نا کە هێشتا ئێران خاوەنی هەندێک توانای سەربازییە، بەڵام جەختی کردەوە، ئەو زیانە گەورانەی لەم زنجیرە ئۆپەراسیۆنەدا لە ئێران دراون، وڵاتەکەی خستووەتە خراپترین بارودۆخەوە کە تا ئێستا پێیدا تێپەڕبووبێت.
هێگسێت رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا گرت و ئاماژەی دا، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، وەزارەتی بەرگری رووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بووەوە، چونکە پشتیوانیکردنی سوپا کاری لەپێشینەی ئیدارەی پێشوو نەبووە.
باسی لەوەش کرد، تەقەمەنییەکی زۆری کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا یەک لە دوای یەک رەوانەی ئۆکرانیا کراون، و هەوڵەکانی پێشوو بۆ شوێنگرتنەوەیان لە رێگەی سیستەمە بیرۆکراسییە خاوەکانەوە بێسوود بووە و نەتوانراوە لە کاتی خۆیدا قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پشتگوێخستنی چاکسازیی پێویست بۆ سوپا.
بۆیە هێگسێت ئەم بودجە پێشنیازکراوەی بە "وەبەرهێنانی نەوەیی" ناوبرد و جەختی کردەوە کە بودجەی 1.5 ترلیۆن دۆلاری بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانەیە، تاوەکو مووچە و ژمارەی سەربازان، دەریاوانان، هێزە ئاسمانی و زەمینییەکان و گاردی نیشتمانی دابین بکرێت و مەشق و راهێنانەکانی سوپاش بەردەوام بن.
هاوکات سیناتۆر دێربین لە کۆنگرێسدا ئاماژەی بەوە کرد، خەمڵاندنی پێشووی تێچووی جەنگ 29 ملیار دۆلار بووە بێ ئەوەی خەرجییەکانی قەرەبووکردنەوەی تەقەمەنییەکان بخەمڵێندرێت، و پرسیاری کرد ئایا ئێستا ئامار و خەمڵاندنێکی نوێ هەیە یان نا؛ لە وەڵامدا، پیت هێگسێت رایگەیاند: "ئەو خەمڵاندنەی تاوەکو ئەمڕۆ لەبەردەستماندایە نیشانی دەدات کە تێچووی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار."
پاشان سیناتۆر دێربین پرسیاری کرد کە ئایا بەردەوامیی جەنگ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو رێژەیە لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە. لە بەرامبەردا وەزیری جەنگی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەم بڕە پارەیە خەرجییەکانی بەڕێوەبردن، چاکسازی، مەشق و راهێنان، مووچەی سەربازان و پێداویستییەکانی تری ساڵی دارایی لەخۆدەگرێت، کە بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانیشەوە پێشبینی خەرجیی زیاتر لە داهاتووشدا دەکرێت.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی سیناتۆر هاید-سمیس سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا توانای تێکشکاندنی ئەو بنکە سەربازییانەی هەیە کە لە ژێر کێوی "پیکاکس" لە ئێران دروستکراون، هێگسێت رایگەیاند: "زۆربەی تواناکانی ئێمە لە چوارچێوەی نهێنیی نیشتمانیدان، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک لە جیهاندا هەبێت کە بتوانێت بگاتە هەر شوێنێکی ئەم سەر زەوییە، ئەوا سوپای ئەمریکایە و پڕۆسەکە بەندە بە بژاردەکان و ئاڵوگۆڕی هاوسەنگی هێزەوە."
لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆر هۆڤن پرسیاری کرد ئایا رووسیا و چین هاوکاریی ئێران دەکەن و بە چ شێوازێک؟ لە وەڵامدا پیت هێکسێت گوتی: "هاوپەیمانی و هاوئاهەنگی لە نێوان نەیارەکانماندا هەیە و هەوڵ بۆ نزیکبوونەوە دەدەن، و رێگەی زۆر هەیە کە ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی بەکاریان دەهێنین."
جەختی کردەوە کە قووڵایی و کایەکانی هاوکاریی رووسیا و چین بۆ ئێران لەسەر ئاستی جیاوازدا بەردەوامە و هۆکارە بۆ ئاسانکردنی هەندێک لە کارەکانی تاران، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دۆسێیەکەوە پێویستە وردەکارییەکانی ئەم پەیوەندییانە بە نهێنی بهێڵرێنەوە.
هاوکات هەر لە کۆنگرێس دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، گوتەیەکی مێژوویی جەنەڕاڵ جۆرج مارشاڵی لە 22ی تەممووزی 1940 هێنایەوە یاد کە گوتبووی: "بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ کاتمان هەبوو بەڵام هیچ پارەیەکمان نەبوو، ئەمڕۆ پارەمان هەیە بەڵام کاتمان نییە." دان کەین رایگەیاند، ئێستاش ئەمریکا لە بارودۆخێکی هاوشێوەدایە و کاتی کەم لەبەردەستە.
دان کەین هۆشداری دا لەوەی ئەمریکا رووبەڕووی لیستێکی درێژی ئالنگاریی سەربازیی ئەتۆمی و نائەتۆمی بووەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، و زەریای هێمندا، لە پاڵ مەترسیی بەردەوامی توندڕەوی و تیرۆریزمدا؛ گوتیشی: "نەیارەکانمان بەرژەوەندییەکانیان یەکخستووە و لە یەک کاتدا لە چەندین بواری جیاوازدا ئاڵنگاری بۆ ئێمە دروست دەکەن؛ ئەوان هاوبەشی بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، توانا سەربازییەکان و تەکنۆلۆژیا دەکەن، کە ئەمەش خێرایی جەنگی زیاتر کردووە."
سوپاسالاری ئەمریکا جەختی کردەوە، شێوازی جەنگ بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە؛ پێشکەوتنی خێرا لە بواری ژیریی دەستکرد (AI)، سیستەمە خۆسەرەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانەکان، ئاسانکارییان بۆ نەیارەکان و تەنانەت گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکانیش کردووە تاوەکو بگەنە چەکی کوشندە، بەو شێوازەی لە جەنگی ئۆکرانیادا بینرا.
دان کەین داوای پاڵپشتی کۆنگرێسی کرد بۆ دابینکردنی بودجەی 1.5 تریلیۆن دۆلاری تا بتوانن لە کەرتی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا پێش نەیارەکانیان بکەون، پێش ئەوەی کات لە بەرژەوەندی ئەواندا کۆتایی پێبێت.