دوبەی پاداشت و داشکاندن پێشکەشی نیشتەجێبووان دەکات

نوسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی دوبەی رایگەیاند، شارەکە کۆمەڵێک داشکاندن و پێشنیاری نوێ بە بەهای زیاتر لە 800 دۆلار پێشکەشی ئەو کەسانە دەکات کە لە دوبەی نیشتەجێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ هاندانی گەشتیاری دوای ئەو پاشەکشەیەی بەهۆی مانگەکانی جەنگەوە روویدا.

چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، نوسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی دوبەی لە هەژماری فەرمی خۆی لە "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، فەرمانگەی ئابوری و گەشتیاری دوبەی بەرنامەیەکی بە ناوی بانگهێشتنامەیەک لە دوبەیەوە دەستپێکردووە، ئەم بەرنامەیە رێگە بە نیشتەجێبووانی شارەکە دەدات خزم و دۆستانی خۆیان بۆ سەردانیکردنی دوبەی بانگهێشت بکەن، وەک رێزگرتنێک لە رۆڵی ئەوان وەک باشترین باڵیۆزی شارەکە.

دوبەی کە ساڵانە پێشوازی لە 19.5 ملیۆن گەشتیار دەکات، یەکێکە لە دیارترین ناوچە گەشتیارییەکانی ناوچەکە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 50 پلەی سەدی لە وەرزی هاویندا، رووکردنە ئەم وڵاتە کەمدەبێتەوە.

حکوومەتی دوبەی روونیکردەوە، ئەو نیشتەجێبووانەی لە ماوەی نێوان 20ـی تەممووز تا 31ـی تشرینی یەکەم خزم و هاوڕێکانیان بانگهێشت دەکەن، دەتوانن پاداشتێک بە بەهای زیاتر لە 3000 درهەمی ئیماراتی (800 دۆلار) بەدەست بهێنن، کە مانەوە لە هۆتێلەکان، چێشتخانەکان و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەگرێتەوە.

ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە، هەرچەندە ئیمارات راستەوخۆ تێوەنەگلاوە لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، وێنەی سەقامگیری ناوچەی کەنداوی هەژاندووە، هێرشەکانی تاران بۆ سەر چەند وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کاریگەری نەرێنی هەبووە، تەنانەت چەند هۆتێلێک لە دوورگەی نەخلە جومێرا و هۆتێلی بورج ئەلعەرەب کەوتنە بەر هێرشەکان، ئەمەش وایکرد گەشتیاران لە وەرزی زستاندا شارەکە جێبهێڵن.

دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ـی نیسان، بەشێک لە گەشتیاران گەڕاونەتەوە، بەڵام کارمەندانی کەرتی گەشتیاری دەڵێن زۆربەی میوانانی ئێستای هۆتێلەکان خەڵکی ناوخۆن.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، حکوومەتی دوبەی لە مانگی ئایاری رابردوو پاکێجێکی هاوکاری ئابوری بە بەهای زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار پەسەند کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمپانیایانەی بەهۆی جەنگ و پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز زیانیان بەرکەوتبوو، پێشتریش لە کۆتایی مانگی ئاداردا، پاکێجێکی دیکەی بە بەهای 270 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری خێزان و کۆمپانیاکان راگەیاندبوو.