باڵەخانەی نوێی دادگای ئامێدی گەیشتە قۆناخەکانی کۆتایی

ئەم پڕۆژەیە بە راسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە تێچووی زیاتر لە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، لە دوو نهۆم و هەموو بەشە دادوەرییەکان پێکدێت. باڵەخانەکە بەپێی ستانداردە سەردەمییەکان دروست دەکرێت تاوەکو ئاسانکارییەکی گەورە بۆ فەرمانبەران، هاووڵاتییان و سەردانیکەرانی ناوچەکە بکات.

فەرهاد محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ ئێمە ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی کارکردنداین و زیاتر لە 75%ـی پڕۆژەکە تەواو بووە. کارەکان بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە سەردەمییەکان ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی ببێتە باڵەخانەیەکی شایستە بۆ کارە دادوەرییەکان لە ئامێدی.

بە مەبەستی خزمەتکردنی ناوچەکە لە رووی کارگێڕی و رێکخستنی کارە یاسایییەکان، دەست بە دروستکردنی باڵەخانەی نوێی دادگای بەرایی ئامێدی کراوە. ئێستا کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بە گەرموگوڕی بەردەوامە و رێژەی زیاتر لە 75%ـی کارەکانی تەواو کراوە.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش بەرهەمی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانییە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و داواکارییەکانیان.

وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت: ئەم باڵەخانەیە دیاریی سەرۆک بارزانی بوو بۆ خەڵکی ئامێدی دوای سەردانەکەی بۆ ناوچەکە. حکوومەتی هەرێم لە خزمەتکردنی ئەم شارۆچکەی بەردەوامە و ئەم دادگایە بارێکی گران لەسەر شانی هاووڵاتییان سووک دەکات.

ئاوەدانی لە ئامێدی لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە؛ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 215 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە تێچووی زیاتر لە 415 ملیار دینار ئەنجام دراون، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورە بووە بۆ ناوچەکە.

بە دەیان پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی لە بوارە جیاجیاکاندا لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە بە کۆتایی هاتنیان زۆربەی کێشەکانی هاووڵاتییان چارەسەر دەبن و سیمایەکی جوانتر و شارستانیتر دەبەخشنە ناوچەکە.