مۆسکۆ وردەکاریی کۆبوونەوەی لاڤرۆڤ و روبیۆ بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ روبیۆ بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ پابەندە بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ململانێکان، بەو مەرجەی رەچاوی ئەو پێشنیازانە بکرێت کە پێشتر لەسەری رێککەوتوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە سەرەتای دیدارەکەدا لاڤرۆڤ کورتەیەکی لەبارەی "دۆخی راستەقینەی بەرەکانی جەنگ" خستووەتەڕوو. وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پڕچەککردنی زیاتری ئۆکرانیا و سیاسەتە "ناسەقامگیرەکانی" وڵاتانی ئەوروپا قبوڵ ناکات، کە بە گوتەی ئەو "بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی شکستی ستراتیژیی بە رووسیا".
هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ دووبارە پابەندبوونی رووسیای بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ ململانێکان دووپاتکردەوە. لەو چوارچێوەیەدا، پێداگری لەسەر پابەندبوونی مۆسکۆ بەو پێشنیازانە کردەوە کە لایەنی ئەمەریکی لە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ لە شاری "ئەنکۆراج" خستبوویانە روو و دواتر لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە رەزامەندییان لەسەر درابوو.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بارودۆخی ناوچەی کەنداو. هاوکات هەردوو وەزیر پێشوازییان لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای دەوڵەتی "رۆسکۆسمۆس" و ئاژانسی "ناسا" کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی نێوان پەرلەمانەکان و پەیوەندییە کولتوورییەکان کرد.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لاڤرۆڤ و روبیۆ جەختیان لەسەر ئاساییکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی هەردوو وڵات کردووەتەوە و رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت، بەتایبەت لە چوارچێوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.
رۆژی 23ـی تەمموزی 2026، لە مانیلای پایتەختی فلیپین، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیای فێدراڵ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە.